
ڕاخوشینی ئەستێرەی بەند و گۆرانیی کوردی لە ئاسمانی ئەدەب و هونەری میللیدا
حەمەڕەسووڵ کەریمی
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ هونەرمەندی میللی، هونەرمەندی بەند و گۆرانیی ڕەسەنی کوردی، گۆرانیبێژی لێزان و بەتوانا و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کاک سەید عەلی ڕەحیمپوور ناسراو بە "سەید عەلی سەردەشتی" بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی لە بنەماڵەیەکی باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام لە گوندی قۆزولوێی گەورە لە ناوچەی مەهاباد لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی لە دایک بووە و سەردەمی مێرمنداڵی و گەنجیی خۆی لە تەنیشت بنەماڵەکەی تێپەر کردوە. کاک سەید عەلی لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا بۆ ژیان دێتە ناوچەی سەردەشت و هەر لەوێ ژیانی هاوبەش پێکدێنێ و دواتر ژیانی خۆی لە تەنیشت خزمانی بە کار و کاسبی تێپەڕ دەکا.
سەید عەلی سەردەشتی هەر لە منداڵییەوە ئۆگری بەیت و حەیران و بەند و گۆرانی بووە و هەر بۆیەش زۆر زوو خۆی لەنێو دونیای گۆرانی و بەنددا دەبینێتەوە و بە هۆی دەنگخۆشی و شارەزایی لە گوتنی بەند و گۆرانیدا دەبێتە، یەکێک لە بەندبێژانی سەردەمی خۆی و بە هۆی گۆرانییەکانی زۆر زوو ناوبانگ دەر دەکا و بە کارە هونەرییەکانی و بە ئاکار و خوو و ڕەوشتی بەرزی دەبێتە خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی سەردەشت و دەوروبەری.
هونەرمەند سەید عەلی بە هۆی ئەوە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک هەبووە، توانیویەتی لە بواری جۆراوجۆردا سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، لە باری ئیسلامییەوە کەسێکی باوەڕمەند بە ئایین بووە، لە بواری کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵک و لە بواری هونەرییەوە ڕەچەشکێن و پێشرەو و جوانبێژ و خۆشخوانێکی بە دەنگ و بە چریکە بووە. ئەو لەگەڵ خۆشی و ناخۆشی خەڵک ژیاوە و لە شین و شایی خەڵکدا بە دڵەوە بەشداری کردوە، ڕوح و ڕەوان و هەڵسوکەوتی خەڵکی ناوچە و کوردستانی لە باری کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە ناسیوە و هەر بۆیەش هەوڵی داوە بە گووتنی بەند و چڕینی حەیران بچێتە نێو دڵی خەڵکی ناوچە و باس لە ئازار و دەرد و خەمی گەلەکەی بکا.
کاک سەید عەلی مرۆڤێکی سەنگین و جێگەی متمانەی گشت لایەک بووە. بۆ کاری هونەری گەرمێن و کوێستان گەڕاوە و چۆتە نێو شار و گوند و مووچە و مەزرا و هەوار و کوێستانەکانی کوردستان و لەگەڵ گەورەپیاو و ناسیاوانی کورد، لەگەڵ شێخ و مەلا و خەڵکی کاسبکار، جوتیار و پاڵە و بە گشتی لەگەڵ گەنج و پیر و لاوی کورد، لەگەڵ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەستان و دانیشتنی هەبووە. بە هۆی گەڕان بە شوێنە جیاجیاکانی کوردستاندا ئاشنایەتی لەگەڵ شۆڕشگێران و کەسایەتییە دیارەکان پەیدا کردوە، هەوڵی داوە کە لەگەڵ چینی دەسکورتی کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر هەستان و دانیشتنی هەبێ.
ئەگەر بە یەکەوە سەفەرێک بە نێو پانتایی بەیت و گۆرانی و حەیرانەکانی کاک سەید عەلیدا بکەین، لە یەکەم هەنگاودا بۆمان دەردەکەوێ کە بەڕێزیان تواناییەکی هونەریی لە ڕادەبەدەری لە شێوەی گوتندا هەبووە و شارەزایی بە سەر چۆنیەتیی دەنگهەڵبڕین و بەرزی و نزمی و دواتریش ڕێکخستنی بە قافیەی بەندەکانی هەبووە، هونەرمەند سەید عەلی ساحەب ڕێچکەیەکی هونەری تایبەت بە خۆی بووە و لاسای هونەرمەندانی پێش خۆی نەکردۆتەوە، بەڵکوو هەوڵی داوە کە بە گۆرانییەکانی ئاوێنەی باڵانوێنی جوانییەکان و تەنانەت شادی و خەمەکانی خەڵک نیشان بدا، حەیرانەکانی بە ئەدەبیاتێکی تەواو خۆماڵیانە چڕیون و بە گشتی پڕ لە وشەی هەست بزوێن و ئاشقانە و نیشتمانپەروەرانە بوون، بەشی زۆری حەیرانەکان و گۆرانییەکانیش هۆنینەوەی هەست و سۆزی خۆی بوون.
شارەزایی هونەرمەند سەید عەلی بە سەر حەیراندا تەنیا دەنگ هەڵبرین و گوتن نەبوو، بەڵکوو ناوبراو شارەزایەکی زۆری لە سەر پانتای جوغرافیای ناوچەی موکریان و هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان و گوند و ئاوایی و شاخ و دەشت و کوێستانەکانی ناوچەکەدا هەبوو، هەر بۆیەش لە حەیرانەکانیدا وێرای پێهەڵاگووتن بە بەژن و باڵای نازدار حەیران و وەسفی سوارچاکی کوڕە حەیران، هاوکات باسی لە سرووشتی ڕەنگین و جوانی کوردستان کردووە و لە کاتی گووتن دا سەفەرێکی خۆش و بلاوێنی بە پێدەشت و دۆڵ و بنار و بەرزایی ناوچەدا پێ دەکردی. حەیرانەکانی هەڵگری جوانی و ناسکی دڵدارەکان، بەسەرهاتی لێکدابرانی ئاشقانی بە یەک نەگەیشتوو و لاواندنەوەی سەربردەی دوور و درێژی سوارچاکی هەڵەنگوتووی مەیدانی ڕمبازێنی نێو داستانە حەماسەییەکان بوون.
هونەرمەند سەید عەلی ماوەی نزیک بە ٧٠ ساڵ کاری هونەریی کرد. ئەو لە ناخی دڵیەوە، بە لێزانی و زاڵبوون بە سەر وشەی پاراوی کوردیدا، خۆڕسک و خۆماڵیانە و زۆریش وەستایانە وەک خشتی دیوارێک، بەندەکانی بە ڕێکوپێکی لە سەر یەکی داناون و کردوونی بە شاکاری گۆرانی ڕەسەنی کوردی. لە دەربرینی وشە و هەست و سۆزی نێوان کوڕ و کچ و ژن و پیاودا ترسی لە هیچ کەس نەبووە، هەر بۆیە وێرای ڕێز گرتن لە بەشدارانی کۆڕە هونەرییەکانی، لە ئاست جوانی ژن و کەزیە و سینگ و مەمی ژندا گەلێک بەندی جوانی گوتوون کە ئێستاش بەندبێژانی گەنجی تازەپێگەیشتوو خەریکی گووتنەوەی ئەو شاکارە هونەرییانەی کاک سەید عەلی سەردەشتین.
ئەگەر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باسکردن لە بەرۆک و سینگ و مەم، لە بەلەک و کەزیە و پرچی ژن، لە ڕووخسار و سیما، لە لێوی ئاڵ و قەیتانی، لە چاوی بە خومار و لە کۆڵمەی سوور و گەردنی زەردی ژن بڤە و لۆمەیە، ئەوە لە داڕشتنی بەندەکانی کاک سەید عەلی دا وێرای ڕازاندنەوە و جوان داڕشتنیان لە گووتندا، هاوکات جوانییەکی دیکەی بە بەژن و باڵای ژن داوە و بۆتە وێردی سەر زمانی گشت توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و بە پیر و گەنج و ژن و پیاو و کوڕ و کچ، گەڕی شایی و ڕەشبەڵەکی پێدەگرن و پێی هەڵدەپەرن و دەیڵێنەوە.
ئەگەرچی گۆرانییەکانی یەکجار زۆرن و ناتوانین گوڵبژێریان بکەین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ تەنیا وەک ئاماژە چەند گۆرانییەک هەڵببژێرین.
گۆرانییەکانی "زبێدە"، "زولێخا"، "هاجەرێ"، "ئامێنێ" و "پەروین" کە هەر هەموویان لە وەسفی جوانی کیژانی گەڕی شایی و زەماوەند بە حازربێژی گوتوونی. لە وەسفی بەهاری کوردەواری دا گۆرانی "مزگێنی بێ بەهارە" شاکارێکی هونەریی پڕ لە جوانی کوردستانە کە لەودا قاسپەی کەو و جریوی بولبول و بۆن و بەرامەی گوڵ و گیای کوردستان دەکاتە سوژەی گۆرانی و لە گەردنی یاری دائاڵێنێ. لە بە ناموراد گەیشتنی خۆی و دڵداردا ، گۆرانیی "ئەمشەو خەونێکم دیو" وەک داڕشتنێکی تەواو پڕ لە جوانی و لە کولتور و لە هەڵوکەوتی دادەڕێژێ و وێرای جوان داڕشتنی بۆ مەرامی خەونەکەی دەچێتە خزمەت چاو هەڵو و خەونەکەی بۆ دەگێڕێتەوە بە ڕاستی و بەبێ درۆ، هەر بۆیەش چاو هەڵۆ کە یاری جوانییەتی لە خەونەکەی دا دەڵێ: وەڵلاهی ئەمنیش ئەو خەونەم دیوە ئەو شەو.
دیارە کۆمەلێک گۆرانی ڕەسەن و جوانی کوردیی دیکەی وەک " لادە تو خوا لادە بۆ ماڵی ئێمە"، "دابێنە دەی"، "ئارامی دڵانم"، "بەناز دەڕوا پەروین"، "جەرگت بڕیم هاجەرێ"، "ڕێگام کوێستانە"، "دووریی تۆ" و ... هەن کە کاتی خۆی بە تەپڵ و توزەلە و یا نایە گوتراون و بەبێ ئەوەی لە ستۆدیۆ تۆمار کرابن بوونە یادگاری هەمیشەیی و تا ئەبەد دەمێننەوە و دواتریش کە ئامێری کارەبایی هاتوون بەشێک لە گۆرانییەکانی گوتوونەوە و یا بڵێین نوێ کردوونەوە.
بەیتەکانی "ئاسۆس"، "ئاشی ڕەبەت" ، "عیسا و مووسا" و چەندین بەیتی دیکە دارێژراو و بەرهەمی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتین کە هەر کام لەو بەیتانە سەربردەی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەکرێ وەک سوژەی فیلم لە داهاتووشدا کاریان لە سەر بکرێ.
هونەرمەند سەید عەلی تا کۆتایی تەمەن و لە زۆربەی دانیشتن و دەرکەوتنەکان دا لە خۆشی و شادی خەڵکدا، وەک مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی بەرز دەرکەوت و لە دانیشتنەکانیدا بە شانازییەوە باسی لە هونەر و لە هاوڕێ و هاوکارەکانی کردووە و هانی گەنج و لاوانی داوە کە ڕێگەی هونەر و موزیکی کوردی درێژە پێ بدەن و بە سەدان کەسی لە سەر دەستی خۆی و بە ڕێنوێنی خۆی فێری گۆرانی و بەند کردوون ، بێشک خزمەتەکانی چ لە بواری هونەری و چ لە بواری پاراستنی کولتوری ڕەسەنی کوردی و وشەی جوان و نیشتمانپەروەرانە دا هەردەم بە زیندوویی دەمێننەوە و بە گشتی گۆرانی و بەند و حەیرانەکانی بۆ هەتا هەتایە و سینگ بە سینگ دەگوترێنەوە.
هیوادارم کە لایەنگران و ئەویندارانی دەنگی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی و دڵسۆزان بتوانن گۆرانی و حەیرانەکانی کە ئێستا لە توێی چەند کتێبێکدا بە هیممەتی کاک ڕەحیمی کوڕی کۆکراونەوە بپارێزن و بەم چەشنە ڕێز لە خزمەتە هونەرییەکانی بگرن و خوازیارانی هونەری میللی کەڵک لە بەند و گۆرانی و شێعر و دەنگی وەربگرن.