کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی قەڵەمی زێڕین لەسەر چۆنیەتیی "دان و هەستان"

21:43 - 3 بانەمەڕ 2725

کاریگەریی قەڵەمی زێڕین لەسەر چۆنیەتیی "دان و هەستان"

دارسمە

شانۆی دانوستانی ئەتۆمیی نێوان زلهێزی ڕۆژاوا و کۆماری ئیسلامی، پەردە بە پەردە پڕە لە داهێنانی هونەرمەندانەی دیپلۆماسی. ئێران لە کۆنەوە لانکەی هونەر و وردەکاری بووە و ناکرێت ئێستاش دانووستانێکی ئەوا گرنگ، وردەکاریی زۆری تێدا نەبێت و ئەم "دان" و "هەستانە" بێ نواندنی ئاکاری هونەرمەندانە بەردەام بێت.

دان و هەستانی حاکمانی ئێران لەگەڵ لایەنی بەرانبەریاندا بەردەوام بەگوێرەی بەهێزی و بێ‌هێزیی بەرانبەری دانووستانکار و کەرەستەی بەردەستی خۆیان لە بواری هونەرییەوە لە گۆڕاندا بووە.

چاوخشاندنێک به مێژووی دەیان ساڵەی ڕابردووی ئەم دانوستانانەی حاکمانی ئێران کردوویانە، هونەری پێشکەوتووی ئێرانی (ئەو هونەرەی ڕەگ و ڕیشەی لە نەستی دەستەڵاتی بەردەوامی حاکماندا داکوتاوە)، هونەرێکی جێگیری بەردەوامی لە گۆڕان نەهاتوە. ئەم هونەرەش لەمە دایە دەستەڵاتی ئێران لە دان و هەستان دەگەڵ مافخوازانی نێو چوارچێوەی نەخشە پیشیلەئاساکەیدا بەرداوم لە سەر هونەری پێکەنین و دەم‌پەل‌کردنەوە و جووتە هاویشتندا بەردەوام بووە. بۆ ئەمەش دوو دانووستانی "شنۆ" و "ڤییەن"، هەردووکیان لەنێوان دەستەڵاتدارانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی کوردان ڕێک‌خراون و لە هەردوویاندا هونەری پێکەنین و پەل‌بوونەوە و جووتە هاویشتن ئاکامی خۆی لێ‌کەوتووەتەوە و لەجیات ڕێککەوتن، لایەنی بەرانبەر لەنێو براوە و جارێکی دیکە نەگەڕاوەتە سەر مێزی دانوستان.

لە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەشدا پێچەوانەی ئەم دانوستانانە "صبر انقلابی" و "نرمش قهرمانانە" دوو دەستەواژەی هاومانان و بە کوردی بەمانای "سەرشۆڕکردنی حیزانە"ن. یەکێک لە نموونە هەراوەکانی ئەم ڕێککەوتنەش "ڕێککەوتنی ئەلجەزایری نیوان شای ئێران و سەدام حوسێن بوو. لەوێشدا شاهەنشا جووتەوەشێنێکی هونەرمەند بوو و بێ ئەوەی ئازار بە لایەنی بەرانبەر بگەینێت، جووتەکەی لە کوردان وەشاند.

ئێستاش دان و هەستانی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا لە پێناو ڕێککەوتن لەسەر چۆنەیەتیی کەوتنی دەستەڵاتی ئێران ماوەیەکە دەستی پێ کردوە و دەکرێت پەردەی شانۆی دانووستانی ئێران و ئەمریکا بەم شیوەیە لابدەین: لە نێوخۆی ئێراندا هەموو  ئەو ئاڵایانەی ئەمریکا کە بەمەبەستی پێشێل‌کردن لە شەقامان کیشراونەتەوە هەتا کاتی نادیار داپۆشراون. ژوورێکی قورس و  قایم و مێزێکی لێک و لووس و جوان بۆ دان و هەستانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت ڕێک خراوە. لە نێوەندی مێزەکەدا، قەڵەمێکی زێڕین، نەک هەر قەڵەم تۆ بڵێ مرواری دیاریی بێ‌لایەنانی ڕێکخەری مێزکە دانراوە. گوایە ئەم قەڵەمە بۆ ئەمە بوو هەردوو لا بە خەتی زێڕین مۆری ئاشتی و پەیمانی سەقامگیریی لێ بدەن.

پاڵەوانی سەرەکیی ئەم پەردەیەی‌ شانوی دانووستان، ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییە بوو لە نێوەندی گەردەلوولی گفتگۆدا وەستابوو و بە چاوێکی ساویلکانەوە دەیڕوانیە دەوروبەری و بەدەم بزەیەکی بێگەردەوە، گوتی: "قەڵەم؟ کام قەڵەم؟ سوێند بە شەرەفی دیپلۆماسیم من هیچ قەڵەمێکم نەدیوە! ئەگەر بڕوام پێ ناکەن، با هەموومان وەک تیمێک بگەڕێین... بەڵکوو لە تاریکایی ژێر ئەم مێزە قورسەدا خۆی حەشار داوە!" کاتێک دەستی هەڵبڕی بۆ ئەوەی سوێندێکی دیکە بخوات، لەنێو گیرفانی چاکەتە ڕەشەکەیدا، بریسکەیەکی زێڕین شەوقی دایەوە! ئای لەو ساتە، چ بێدەنگییەکی قووڵی لێ کەوتەوە... تەنیا چرکە چرکی وێنەگرتنی کامێراکان و هەناسەهەڵکێشانی قورسی دیپلۆماتکارە تێکشکاوەکە دەبیسترا.

دوای ئەم ڕووداوە، کێشمەکێشی "شوێنی دیداری داهاتوو" بووە چیرۆکێکی دیکە. سەرەتا ڕۆمای ئیتالیا، شاری هەزار شارستانی و جێگەی هەنگاوی سەرکردە مەزنەکان، وەک شوێنی دیداری داهاتوو دیاری کرا. شاندی ئەمریکایی لە دڵی خۆیاندا جانتای سەفەریان ئامادە کرد و نەخشەی گەشتی کەلەپووری ڕۆمیان کێشایەوە. لە کام گۆشەی کۆلۆسیۆم باشترین کاتژمێر بۆ وێنەگرتن هەیە، کام چێشتخانە باشترین پاستا پێشکەش دەکات و ... کەچی لەپڕ لایەنی بەرانبەر هاواری کرد: "ڕۆم؟ نا نا... هەوای ڕۆم بۆ دانوستان گونجاو نیە! مەسقەت باشترە... لەوێ هەناسەی دەریا دیپلۆماسی پتەوتر دەکات!" بۆیە وەک ئەوە دوو گەنجە نادڵنیایە لەسەر دیاری‌کردنی ژوانگە ناکۆکن، هەودای دانوستان بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان ڕایەڵ کرایەوە. میدیای جیهانیش ئەم شانۆگەرییەیان بە دڵ بوو و بە تەنزێکی بەسوێوە نووسیان: "دوێنێ لەسەر سفرەی ئیتالیا و ئەمڕۆ لەسەر دەفری پڵاوی عەرەبی... نێوەندی دیپلۆماسی یان گەشتوگوزاری خواردنی نێودەوڵەتی؟"

با بگەڕێینەوە بۆ لای پاڵەوانەکەمان و قەڵەمە زێڕینەکە. لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەدا، ئەم قەڵەمە تەپوتۆزلێ‌نیشتووە بوو بە ئەستێرەی شانۆکە. دیپلۆماتکارە نیمچە دڵفراوانەکان بە هێمنی خەندەیەکی تاڵیان دەهاتێ و دەیانگوت: "ڕەنگە بە هەڵە کەوتبێتە ئەو شوێنە..." بەڵام ئەوانەی سەردەمی گەلەگورگێیان دیتبوو، بە زمانی چاو نەرمەبزەیان داویشتە یەکتر و دەیانگوت: "قەڵەم ون ‌دەبێت، ئاگاتان لە کامپیوتێرەکانتان بێت و بڕواتان بە بزەی دیپلۆماتان نەبێت!" ئیتر لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر تەوەرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و چاودێریی دامەزراوەکان بێت، چاویان لەسەر گیرفانی یەکتر و شتومەکی سەر مێزان بوو. ئەمەش ئاکامی نەخشەی هۆشمەندانەی داڕێژەرانی ئەم دانیشتنە لە لایەنی کۆماری ئیسلامیەوە بوو و ئیستکباری جیهانییان وا لێ کرد لە جیات داکۆکی‌کردن لە نێوەڕۆکی دانووستان ئاگاداری کەل‌وپەلی خۆیان و خانەخوێ بن.

پێش سازبوونی بەزمی قەڵەمەکە، باسی پرسی چارەنووسسازی وزەی ئەتۆم، پیتاندنی یۆرانیۆم، گەمارۆ و سزا قورسەکان بوو. ئەمریکا دەیویست ئێران دەرگاکانی بەڕووی چاودێرانی نێودەوڵەتیدا بخاتە سەرپشت و ئێرانیش دەیگوت: "هیچمان نەشارەدووەتەوە". یەکێکیش نووسیی: "پێشنیار دەکەم لە خولی دواتردا، پێش چوونە ژوورەوە، تەواوی گیرفان و جانتاکان بپشکنن!" کەسێکی‌تریش گوتبووی: "ئەگەر پێویستە ملیۆنەها دۆلار بۆ دانوستانی بێ‌ئەنجام خەرج بکرێت، لانیکەم با قەڵەمێک لەم نێوەدا وەک یادگار ناوی بمێنێتەوە!"

بە کوردی نێوەرۆکی ئەم دانوستانە چیرۆکێکە لە نێو هەموو بەند و خاڵەکانیدا قەڵەمێکی زێڕین زیاتر سەرنجی چاودێرانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و ئەم قەڵەم بێ‌گیانە بووەتە کەسایەتیی سەرەکیی دان و هەستان.