
(٢-٣)چرا یاسین: کوردپەروەریی ڕاستەقینە لە هەستی نەتەوایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت و لە بیری نەتەوایەتیدا قووڵ دەبێتەوە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە:
ناسیۆنالیزم یان هەستی نەتەوایەتی وەک چەمکێکی گرینگ کاریگەریی و ڕۆڵی بەرچاو لە بەرەوپێشبردن و یەکگرتوویی هەر نەتەوەیەکدا دەگێڕێ کە بە کارکردن و تەکز خستنەسەر ئەم چەمکە گرینگە میللەتانی بێ دەوڵەت ئامانجە گەورەکانیان دەستەبەر دەکەن کە دەربازبوون لە دیلی و ژێردەستییە. "کوردستان" لە وتووێژێکی تێروتەسەلدا و بۆ باسی زیاتر لەسەر ناسیۆنالیزم و لەمپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزم و کاریگەری ناسیۆنالیزمی داگیرکەران لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ خاتوو چرا یاسین، کارناس و توێژەری مێژوو تیشکی زیاتری خستوەتە سەر ئەم بابەتە. لە بەشی یەکەمی ئەو وتووێژەدا باس لە مێژووی ناسیۆنالیزم لە کوردستان و کاریگەریی ناسیۆنالیزمی "فارس" و "عەرەب" و "تورک" لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان کرد و تیشکمان خستەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانێت بەرپەرچی ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانەی دژبەران و نەیارانی بداتەوە؟
کورد ئەگەر بەدرێژایی مێژوو وەک دوژمنەکانی خاوەن ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگ بووایە، هەلی زیاتر بۆ گەیشتن بە مافەکانی بۆ نەدەڕەخسا؟
مافی ڕەوا بۆ کورد لە هەموو سەردەمەکان پاراستن و داننان بووە بە مافە سەرەتاییەکانی وەک (نەتەوە، ناسنامە، زمان) هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی دەوڵەتدا زیاتر پارێزراو دەبن. ناسیۆنالیزمیش وەک ڕێباز و بنەمایەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بایەخێکی زۆری هەیە و زۆربەی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمڕۆ بەو ڕێگەیەوە بوونەتە خاوەنی وڵات و دەسەڵات، بەڵام شێوازی گرتنەبەری جیاوازی هەیە لە کاتێک بۆ کاتێکدا و بەپێی قۆناغ و سەردەمەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ناکرێت ئێمە بە چاوی ڕابردوو بڕیار لەسەر ئێستا بدەین، هەروەها بەپێچەوانەشەوە. بۆ نموونە ئێمە لە ئێستادا ناتوانین داوای ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگ بکەین، لەبەر ئەوەیکە بە شێوەیەکی گشتی خەباتکردن لە قۆناغی چەکداری تێپەڕیوە، مافەکانی مرۆڤ بەرەوپێشتر چووە، ڕەنگە زۆربەی هاوپەیمانانیشمان دژایەتیمان بکەن. ئەمە بۆ سەردەمێک دروست بوو، کە کورد لەژێر داگیرکاریی ڕاستەوخۆی دوژمنانی بوو، هاوکات خەریکی خەباتی چەکداری بوو، بەڵام نەیتوانیوە سوود لەم میکانیزمە وەربگرێت، چونکە هەڵوێستی کورد لە ئاست ئەو داگیرکارییەدا لەو کاتدا زیاتر بەرگریکردن بووە، نەوەک هێرشکردن، یان بەدەستهێنانەوەی ناوچە لە دەستچووەکانی. هەروەها هەمیشە سیمای بوونە قوربانی بۆخۆی کێشاوە و چارەنووسی خۆی داوەتە دەست دەوڵەتە سەردەستەکانی دیکە و چاوی لەوە بووە کە دەوڵەتانیتر مافەکانی بۆ بە دەست بهێنن، ئەمە خۆی لەخۆیدا گەورەترین هەڵەیە، چونکە هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ ببێت بە دەوڵەتێکی زلهێز کە دەوڵەتەکەی بۆ دروست کرابێت، بۆ نموونە: عێراق، وڵاتێکە چەندە هەوڵ بدات ناتوانێت بەشی پێویست هێزی خۆی قایم بکات و ببێت بە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر، لەبەرامبەردا کۆماری تورکیە کە توانی لە لێواری ڕووخاندا خۆی هەستێنێتەوە و خۆی پێ بگەیەنێتەوە، بەهۆی ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگ بۆ نەتەوەکەی خۆی و داڕشتنی ئامانج و ڕێبازێکی یەکگرتووی تۆکمە و بەهێزی سیاسی وەک دەبینین هەتا وەکوو ئێستاش وڵاتێکی خاوەن هێزە و لەلایەنی نێودەوڵەتییەوە حیسابی بۆ دەکرێت.
یانی پێتان وایە کورد بە زانینیەوە ئەو ناسیۆنالیزمە بەرچاوتەنگەی نەویستوە؟
کورد هیچ کاتێک خاوەنی ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگ و نەتەوە ویست، هەروەها خاوەنی دیدگا و ئامانجێکی یەکگرتوو نەبووە کە بۆ یەک بەرژەوەندیی هاوبەش پێداگر بن لەسەری و دەرهاوێشتەی ئەرێنیی هەبووبێت، ئەمەش لە زۆر بواردا بەجێی سوود زیانی زۆری لە پرسی کورد داوە، چ لە ڕووی خەباتی چەکدارییەوە، چ لە ڕووی دیپلۆماسیەتەوە. هەر بەهۆی ئەمەشەوە کورد لە مێژوودا چەندین هەل و دەرفەتی زێڕینی لە کیس چووە، بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕووخانی ئێمپڕاتۆرییەتی عوسمانی کورد گەورەترین دەرفەتی لە دەست دا، بەهۆی چەند هەڵەیەکی سیاسی و نەبوونی شارەزایی دیپلۆماسی وەکوو پێویست. کە ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین دەرفەت بوو بۆ ئەوەی کورد دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، کە ئێستا ئەم دەرفەتە لە دەست چووە و دووبارە نابێتەوە.
بە بڕوای من، لە سەردەمی مۆدێڕنیزمدا ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ زۆر کات بەرەو داخران و دوژمنکاریی زیاتر دەڕوات، یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی، پێکەوەژیان و گونجان بووە لەگەڵ نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان. ئەم کرانەوەیە بووەتە هۆی پاراستنی کولتووری کوردی لە ناوچەیەکی فرە کولتووریدا، بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە چەندین قۆناغی جیاوازدا، گەشەکردنی هزری دێموکراسی و پلۆرالیزم لە نێو بزووتنەوەی کوردیدا ئەگەر کورد ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگی هەبووایە، پێدەچێت ئەو پێگە مرۆییە بەهێزەی ئێستای لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەدەبوو، هەروەها ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ زۆر جار بزووتنەوەکان بە لاڕێدا دەبات و بێ بەشیان دەکات لە هاوپەیمانی و پشتیوانی دەرەکی ئەمەش بۆ کورد کەمێک زەحمەتە، لەبەر ئەوەی هێزی کورد بەبێ پاڵپشتی وڵاتانی زلهێز بەتەنیا بەس نیە. بۆ ئێستای کورد هاوسەنگی نێوان هەستی بەهێزی نەتەوەیی و کرانەوە بە ڕووی جیهان و نەتەوەکانی دیکەدا دەتوانێت ستراتیژییەکی گونجاوتر بێت لەبەر چەند هۆکارێکی سەرەکی ئەوانیش لە ڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرانەوە بەڕووی جیهاندا دەرفەتی هاوپەیمانی و پشتگیری نێودەوڵەتی دەڕەخسێنێت. بەهێزکردنی پێگەی سیاسی کە ئەم هاوسەنگییە دەرفەت دەدات بە کورد کە لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی کاریگەرتر دروست بکات، بەبێ بوون بە پاشکۆی لایەنێکی تایبەت. هەروەها گەشەپێدانی ئابووری کرانەوە بەڕووی جیهاندا دەرفەتی گەشەسەندنی ئابووری و بازرگانی دەڕەخسێنێت، لەکاتێکدا هەستی نەتەوەیی هاوبەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان. جیا لەمانەش کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دژایەتیی نێوخۆیی هاوسەنگی نێوان ئەم دوو ڕەهەندە دەتوانێت مەترسی توندڕەوی نەتەوەیی یان جیابوونەوەی کولتووری کەم بکاتەوە، کە هەردووکیان دەکرێت ببنە هۆی لاوازبوونی یەکگرتوویی ناوخۆیی. سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و زانستی نوێ کرانەوە دەرفەت دەدات بە کۆمەڵگەی کوردی سوود لە پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکان وەربگرێت، لەکاتێکدا بنەما کولتوورییەکان دەپارێزێت. هەر بۆیە ئەم ستراتیژە هاوسەنگە ڕێگە دەدات بە نەتەوەی کورد کە پارێزگاری لە ناسنامەی خۆی بکات لەکاتێکدا وەک بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەشە دەکات.
نێوان "هەستی نەتەوایەتی" و گەیشتن بە قۆناغی "بیری نەتەوایەتی" چ مەودایەکە و مانەوە لەنێو هەستی نەتەوایەتی و دوورکەوتنەوە لە عەقڵی نەتەوایەتی چەندە کاریگەری نەرێنی لە سەر دۆزی کورد داناوە؟
ھەستی نەتەوایەتی و بیری نەتەوایەتی دوو شتی لەیەکتر جیاوازن، کە بەداخەوە زۆربەی خەڵکی ئێمە بە هەڵە لێی تێگەیشتوون. بە گشتی "هەستی نەتەوەیی" بریتییە لە جۆرێک وابەستەبوون و خۆشەویستی بۆ نەتەوە و نیشتمان و ئەو خاکەی تێیدا هاتۆتە دونیا، بەڵام "بیری نەتەوەیی" ئاماژە بە ئەو بیر و باوەڕ و بەها و ئایدیاگەلە دەکات کە بەشێوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەندامانی نەتەوەیەکدا بڵاو بۆتەوە و بووەتە بەشێک لە شوناسی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان، بیری نەتەوەیی كاتێک چەكەرە دەكات و پێدەگات كە تاكەكانی هەر كۆمەڵێک هۆشیارییان لە بەرژەوەندییە باڵاكانیان هەبێت بە هۆی زمان و ڕۆشنبیریی هاوبەشەوە كاریگەریی گشتگیر و بەكۆمەڵ دروست دەبێت. لە دونیای ئەمڕۆدا، بیری نەتەوایەتی و هەستی نەتەوایەتی دوو ڕووی دراوێکن کە بە دوو چەشنی جیاواز کاریگەرییان هەیە لەسەر گەلان و کۆمەڵگەکان. بیری نەتەوەیی زۆر لەوە قووڵترە کە تەنیا لە چەند نیشانەیەکی نەتەوەیی وەک پۆشینی پۆشاکی کوردی، هەڵکردی ئاڵای کوردستان، گوێگرتن لە هۆنراوەیی نەتەوەیی کورت بکرێنەوە، ڕاستە ئەمانە گرنگن و پابەندبوونمان بە ناسنامەی کوردبوونمانە، بەڵام کوردپەروەریی ڕاستەقینە لە هەستی نەتەوایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت و لە بیری نەتەوایەتیدا قووڵ دەبێتەوە، هیچ نەتەوەیەکیش ناگات بە ئامانجەکانی خۆی ئەگەر بیری نەتەوایەتی لە هزری تاکەکانیدا نەچەسپابێت. سەرەتای سەرهەڵدانی بیری نەتەوەییش وەكوو هەر شۆڕش و كارەساتێكی سروشتی ناتوانرێت بە بەروارێكی مێژوویەكی دیاریكراو دەستنیشان بكرێت، واتە ئەم هەستە سیمای سەرەتایی لە قۆناغەكانی كۆنی مێژوودا هەبووە، بەڵام ڕووخاندنی ئێمپڕاتۆرییەتەكان و سەرهەڵدانی شۆڕش، هۆكاری سەرەكین بۆ دەركەوتنی، ئیدی گەل و نەتەوەكان لەو كاتەوە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی خۆیان هەوڵیان داوە، تەنانەت لە پێناویدا بە میلیۆنان ڕۆڵەی نیشتمان و نەتەوەكەیان بەكوشت داوە، لە نموونەی شۆڕشی جەزائیر بۆ دەركردنی فەڕانسەی داگیركەر. ئەوەی لای ئێمەی کورد زۆرترە ھەستی نەتەوایەتییە، نەک بیری نەتەوایەتی، نەتەوەپەروەری ئێمەی کورد نەتەوەپەروەرییەکی لاواز و خاوە بە تەواوی وەکوو پێویست نەگەیشتووین بە بیری نەتەوایەتی، بۆیە گەر بەراورد بکەین دەبینین كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان خەباتی بەردەوامی هەیە و هێشتا نەگەیشتووەتە مەنزڵ و بەڕێوەیە بەرەو سەربەخۆیی، كەواتە تەنها هەستی نەتەوەیی هێندە گرنگ نیە، بەڵكوو وشیاری و بیری نەتەوەیی داینەمۆی بزووتنەوەی نەتەوەیین. ئەوە نەتەوە نییە كە دەوڵەت و ناسیۆنالیزم دروست دەكات، بەڵكوو بەپێچەوانەوە ئەوە ناسیۆنالیزم و دەوڵەتە كە نەتەوە دروست دەكات یان لانیكەم گەشەی پێدەدات و دەیبوژێنێتەوە.
باسەکە ئەوە کورد بۆ لەو قۆناغەدا ماوەتەوە؟
مانەوەی نەتەوەی کورد لە قۆناغی هەستی نەتەوایەتی و نەگەیشتن بە عەقڵی نەتەوایەتی دەکرێ بۆ چەند هۆکارێک بگەڕێتەوە پەرتەوازەیی جۆگرافی و سیاسی و دابەشبوونی کوردستان بەسەر چەند دەوڵەتدا بووەتە هۆی ئەوەیکە یەکیەتییەکی نەتەوەیی دروست نەبێت، کە ئەمەش ڕێگری کردوە لە گەشەکردنی ستراتیژییەکی هاوبەش. هەروەها کاریگەری سیستەمی عەشیرەتی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کە زیاتر لەسەر بنەمای عەشیرەت بووە وایکردوە کە هۆگری تەسکی ناوچەیی و خێڵەکی زاڵ بێت بەسەر بیری نەتەوەیی فراواندا. وشیاریی نەتەوەیی لەنێو ئێمەی کورددا تا وەکوو ئێستا وەکوو پێویست نیە، بەهۆی ئەوەیکە ئەگەر ئاوڕێک لە بیری کورد بدەیتەوە، دەبینین بیری خێڵەکی بەسەرماندا زاڵ بووە و بۆتە یەکێک لە کێشە هەرە بنەڕەتییەکانی ئێمە، بەرژەوەندییە خێڵەکییەکان لە پێش بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوەن، بۆ نموونە ئەگەر قسەیەکی نەشیاو بەرامبەر بە خێڵ و هۆز و سەرداری کەسێکەوە بکرێت، ڕەنگە کاردانەوەی زۆر توندی هەبێت، بەڵام زۆر لای ئاساییە کە هەمان قسەی نەشیاو بە خاک و نیشتمانی بگوترێت، بێگومان ئەم دیاردەیەش بۆتە نەخۆشییەکی کوشندە و لە کۆنەوە لەگەڵمان دایە، کە وایکردوە تا وەکوو ئێستا زۆرترین دەرفەت لە دەست بدەین و کاریگەری نەرێنی و زۆر خراپی بەسەر دۆزی کورددا بەجێ هێشتوە و دۆزی کوردی پاشەکشێ پێ کردوە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری مێژووی میرنیشینە کوردییەکان بکەین، دەبینین بەشێک لەو میرنیشینانە خاوەن سەروەری و هێز و دەسەڵات بوونە، بە جۆرێک کە لە هەندێک بواردا داگیرکەرانی (عوسمانی و سەفەوی) نەیانتوانیوە بە تەنیا ڕووبەڕوویان ببنەوە، بەڵام ئەم میرنیشینانە بەردەوام لەگەڵ یەکتری ناکۆک بوون و هیچ کاتێک بیریان لەوە نەکردۆتەوە لە یەکیەتییەکی سیاسیدا کۆ ببنەوە و بە یەکەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکی هاوبەش ڕووبەڕووی هەردوو داگیرکەرانی (عوسمانی و سەفەوی) ببنەوە، بەڵکوو لە زۆر بواردا هاوکاریان لە دوژمنان وەرگرتووە بۆ لێدان لە میرنیشینێکی دیکە. بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی بیری خێڵەکی بووە، کە ڕێگەی نەداوە سەروەری خۆی بۆ هاونەتەوەکەی دابەزێنێت و ئەمەی بە شکاندنی شکۆی خۆی بینیوە. هەروەها زۆربەی ئەو ڕاپەڕینانەی لە مێژوودا هەمانە کەمیان هەیە بە تەنیا تاکە ڕەهەندێکی نەتەوەیی لەخۆی گرتبێت، وە یان ئامانجێکی ڕوونی نەتەوەیی هەبووبێت، هاوکات لە نموونەیەکی دیکەدا وەک تیشکمان خستەسەر لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی کورد دەرفەتێکی زۆر گەورەی لەدەست دا بەهۆی نەبوونی یەک دەنگی و پلان و ئامانجێکی دیار و ڕوون بەو واتایەی نەتوانراوە سوود لە دەرفەتەکان وەربگیرێت بۆ بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی کە ئەمە وەک جۆگەلەیەک قۆناغەکانی مێژووی کورددا درێژ بووەتەوە. ئەمە جیا لە نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری یەکگرتووبوونی چەند سیستەمی پەروەردەیی جیاواز لە ناوچە کوردییەکاندا کاریگەریی لەسەر دروستکردنی زەمینەیەکی فیکری هاوبەش هەبووە. کەمیی دامەزراوەی نەتەوەیی، نەبوونی دامەزراوەی ڕۆشنبیری، ئاکادیمی و سیاسی بەهێز کە بتوانێت فەلسەفەی نەتەوەیی بەرهەم بهێنێت.
بەڵام لێرەدایە کە ئەرکەکانی ناسیۆنالیزم خۆیان دەردەخەن، وا نیە؟
وایە و گرنگە بگوترێت کە سەرەکیترین ئەرکی ناسیۆنالیزم ئەوەیە کۆمەڵ لە دەوری یەک بەرژەوەندی هاوبەشدا کۆ بکاتەوە، تاکەکانی فێر بکات بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی لە سەروی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوەن، هەر بۆیە کاتێک باس لە بوونی ناسیۆنالیزمێکی خاوەن شوناس دەکەین، دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین بەرنامە و پڕۆژەی ئەو ناسیۆنالیزمە چییە و چۆن کار دەکات؟ ئایا ئەم ناسیۆنالیزمە توانیویەتی دامەزراوە تەقلیدییەکانی خێڵ و هۆز و عەشیرەت هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو کۆمەڵگە لە یەکەیەکی گەورەتر و فراوانتیر کۆ بکاتەوە و بکرێ بە گەل یان نەتەوە ناو ببرێت؟ ئایا ئەم ناسیۆنالیزمە توانیویەتی ڕۆڵی ئاغا و بەگ لە کۆمەڵگەدا پەراوێز بخات، نوخبەی خوێندەوار یان چینی ناوەند شوێنی بگرێتەوە؟ ئایا ناسیۆنالیستی کوردی توانیویەتی ئەم هەنگاوانە هەڵبنێت و لەو سەروبەندەشدا ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە هۆگری ڕاستەقینەی ئەو بزووتنەوەیە بۆ نەتەوە و نیشتمان بێت لە بری ئاغا و بەگ و شێخ و خێڵ و عەشیرەت و جوگرافیای خێڵ و عەشیرەتی؟ کە هەر یەک لەم پرسیارانە بابەتی زۆر فراوان و قووڵ لەخۆی دەگرێت.
شاعیرە کۆنەکانی کورد وەکوو "ئەحمەد خانی" ، "مەلای جەزیری"، و تەنانەت ئەوانەی ئێستاش بە تایبەت نووسەران، گلەییەکی زۆریان لە یەکڕیزنەبوونی نێوماڵی کورد بووە و هەیە پێت وایە ئەم کێشەیە لە عەقڵی سیاسی کوردە یان لە دەسەڵاتی کوردی؟
شاعیران و نووسەران زووتر لە سیاسەتمەداران هەستیان بەم کێشەیە، وایە یەکڕیزنەبوونی نێوماڵی کورد کردوە، چونکە بەردەوام خەونی نەتەوەیی و یەکگرتووییان هەبووە، وەکوو چاوەدێرێکیش بوونە بەسەر کۆمەڵگەی کوردەواری و دەرد و مەینەتییەکانیان کردووە بە سەرچاوەی ئیلهام لە هۆنینەوەی شێعرەکانیان، بە تایبەتی شاعیری گەورەی کورد "ئەحمەدی خانی" لە بەرهەمە دانسقەکەی "مەم و زین"دا، کە ئێمە بەردەوام وەک بەرهەمێکی ئەدەبی و دڵداری دەیبینین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاوێنەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ پێشاندانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوساکە و چەندان بنەما و ڕەهەندی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی لەخۆی دەگرێت. هەروەک خۆی لە بەیتێکیدا دەڵێت:
(شەرحا خەمی دل بکەم فەسانە
زین و مەمێ بکەم بە بەهانە)
خانێ لە "مەم و زین"دا بە قووڵی باسی لەم کێشەیە کردوە و ڕەخنەی لە نەبوونی یەکڕیزی گرتووە، هەر وەک لەو نموونەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، بە دەیان نموونەی دیکەی لە مەڕ ئەم بابەتەوە هەیە. دیاردەی نەبوونی یەکڕیزی نێوماڵی کوردی لە هەر دوو ئەو لایەنانەی ئاماژەیان پێ کراوە ڕەگیان هەیە، کوردستان کۆمەڵگەیەکی شوانکارەیی، نیمچە دەرەبەگایەتی ئایینی خێڵەکی بووە، هەتا ئێستاش شوێنەوارەکانی هەرماوە، ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە هەر ئەو بیر و کولتوورە بەرهەم دەهێنیت کە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێت، هەروەکی گوتمان پەیوەندییە خێڵەکییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەردەوام ڕێگر بوون لە دروستبوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی بەهێز، هاوکات لەژێر ڕۆشنایی بیرکردنەوەی تاکی کورد سەبارەت بە سروشتی خۆی لە مێژووماندا دوو دیاردەی سەرەکی لەنێو کوردا گەڵاڵە دەبێت، یەکەمیان: بەهۆی ئەوەیکە خاوەن کەسایەتییەکی خۆ سەپێن بووە، نەیویستووە سازش بۆ بەرامبەرەکەی بکات، بە تایبەت لە چینی دەسەڵاتداردا، هەر ئەمەش وای کردوە کە بەردەوام ململانێی ناوەخۆیی لە نێوماندا بوونی هەبێت و نەگەین بە ڕێککەوتن و یەکگرتوویی، دووەمیان: لە بەرامبەر بێگانەدا خۆی پێ لە ئاستێکی نزمتر بووە، ئەو هۆگری و دڵسۆزییەی بۆ دوژمنەکەی هەیبووە، بۆ کەسێک کە هاوخوێنی بووە نەیبووە، هەر بۆیەشە کە بەردەوام نوخبەیەک هەبوون چوونەتە پاڵ دوژمن و بە هۆیانەوە زەبر و لێدانی گەورە بەر گەلەکەمان و بزاڤی ڕزگاریخوازیمان کەوتوە. ئێمە لە واقیعی کوردستاندا لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقییەوە ئەوە دەبینین کە پەیوەستبوون و ئینتیما بەو دەوڵەتەوە ڕووبەرێکی فراوانی لە هاوسۆزی کۆمەڵایەتی کوردی ئەم بەشەدا دروست کردوە بە جۆرێکی ئەوتۆ کە ئینتیما بۆ عێراق ئامادەبوونێکی بەرچاو و کاریگەری هەیە. دیارە ئەم دیاردەش تەنیا پەیوەست نیە بەو بەشەی کوردستانەوەکە کەوتۆتە ژێر دەستی دەوڵەتی عێراق، بەڵکوو بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش کە هەر یەکەیان لەژێر سایەی دەوڵەتێکی داگیرکەری دیکەدایە هەمان لێکدانەوە ڕاستە.
مەبەستتە بڵێی کورد بیر و ئایدیاکانی خۆماڵی نین و لە دەرەوەیان وەردەگرێ؟
بە بڕوای بەندە هۆکارێکی سەرەکی کە تا وەکوو ئێستا نکۆڵی لێ ناکرێت ئەوەیە کورد کەمووکورتییەکی زۆری هەیە لە بەرهەمە فیکرییە خۆماڵییەکان، وەکوو تاک و وەکوو کۆمەڵ، لە ڕابردوو و بە ئێستاشەوە بیر وەکوو کاڵایەک لە دەرەوە هاتوە و بە باڵای کوردەوە بڕاوە، یان هەمیشە کوێرانە بەدووی بیرێکی دەرەکی کەوتووە، ئەمە خراپ، بەڵام لە کاتێکدا کە بۆ گەشەسەندن و دەوڵەمەندکردنی سەرمایەی بیر و ڕووناکبیری و هۆشیاری کۆمەڵ سوودی لێ وەربگیرێت، چونکە ژیریی بە تەنیا مۆڵکی تاکێک یان گەلێک نییە، زۆر جار ئاستی ڕووناکبیری کەسیەتی نەتەوەیەک یان گەلێک دیاری دەکات، ئەمەش لەسەر بناغەی ئازادی بیر و دەربڕینی ئازادانە دەوەستێت. ئەم ئەورووپایەی ئەمڕۆ دەیبینین بەر لە دەستەبەرکردنی ئازادی تاریکستانێک بوو.
لە بیری سیاسی کوردیشدا بەدرێژایی مێژوو، پەرتەوازەیی و دابەشبوونی سیاسی بەشێکی گرنگی کێشەکە بووە، هەروەک ئەوەی لە دەسەڵاتی کوردیدا جیاوازی بەرژەوەندی و کێبڕکێی نێوان سەرکردەکان و هێزە سیاسییەکان جاری وا هەبووە بەرژەوەندی گشتی خستۆتە دواوە. لە مێژووی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە بیست ڕاپەڕینی کوردی سەریانهەڵداوە و تێکشکاون، بەشی زۆری شکستەکانیش بۆ خاڵی هاوبەش دەگەڕێنەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێمە لە چەندین قۆناغی مێژووماندا بەشی پێویست هێزمان هەبووە، بەڵام نەتوانراوە سوود لەو هێزە وەربگیرێت بەهۆی نەبووی ئەقڵی سیاسی کوردی و ڕەچاونەکردنی هەلومەرج و پێشهاتی پێویست، هەر بۆیەشە کە هەر کاتێک دوژمن هەستی بە بەهێزبوونێکی ئەوتۆ کردبێت لەناوی بردووە. هەروەها دەسەڵاتی کوردی زۆر جار لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکاندا بووە. ئەم دوو فاکتەرە تێکەڵاوی یەکترن و یەکتریان بەهێز کردووە. حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر هەرێمی کوردستانیان بە شێوەیەکی دابڕاو بەڕێوە بردووە کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کارگێڕی جیاواز، ئەمە جیا لەوەی کە زۆر جار بەرژەوەندییە لایەنییەکان لەسەروی بەرژەوەندی نەتەوەیی دانراون و بووەتە هۆی لاوازبوونی هەڵوێستی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی. هاوکات ڕازینەکردنی خەڵکی لەخۆی، بەو پێیەی نەیتوانیوە سیستەمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکان و داهاتەکان دامەزرێنێت، کە ئەمەش ناڕەزایەتی لەنێو کۆمەڵگەدا دروست کردوە، جۆرێک لە بێ متمانەیشی سازداوە کە خەڵک هیوایەکی ئەوتۆی نەماوە تا هەوڵی بۆ بدات. سەرباری ئەمانەش جیاوازی لە پەیوەندییەکانی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاراستەی سیاسی جیاواز و دژ بەیەک. وێڕای ئەمانەش دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە دامەزراوەی نیشتمانی بەهێز دروست بکات کە سەروەری یاسا و بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت. (درێژەی هەیە)