کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو نووسینگەکانی ئیخوانولموسلمین لە وڵاتی ئۆردۆن دەستیان بەسەردا گیرا

10:52 - 4 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەکانی ئۆردۆن، بەپێی فەرمانی دادگا، دەستیان بەسەر نووسینگەکانی ئیخوانولموسلمین لەو وڵاتەدا گرت و چالاکییەکانی ئەو گرووپە قەدەغە ڕاگەیەنرا.

هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی دادگای ئۆردۆن ژمارەیەک بارەگای ئەم گرووپەیان لە چەند پارێزگایەکی ئۆردۆن بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە پشکنیوە. ئەم عەمەلیاتی پشکنینە بەپێی یاسا و بە فەرمانی دادستانی گشتیی ئۆردۆن ئەنجام دراوە.

هاوکات ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سایبێرییەکانی ئەو وڵاتە هۆشداری دایە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا کە خۆیان لە بڵاوکردنەوە یان ڕێکلامکردن بۆ گرووپ یان ئەنجومەنە قەدەغەکراو یان بێ مۆڵەتەکان بەدوور بگرن، کە دیارترینیان ئیخوانولموسلمینە کە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگا بە نایاسایی ناسێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە، مازن ئەلفەرایە، وەزیری نێوخۆی ئۆردۆن، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی دەستبەجێی بڕیارە یاساییەکان دژی ئیخوانولموسلمین دەستی پێ کردووە و بەو پێیە ئەو گرووپە وەک گروپێکی نایاسایی ناسێنراوە.

ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە تێیدا بەیاننامەی فەرمیی حکوومەتیی ئۆردۆنی خوێندەوە، ڕایگەیاند کە هەموو چالاکییەکانی گرووپی هەڵوەشاوەی ئیخوانولموسلمین لە ئۆردۆن قەدەغەن و هەر چالاکیەکی ئەم گرووپە بە بێ گوێدانە جۆرەکەی، بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر دەکرێت.