
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی بیناسازیی خانووبه‌ره له ئێران باسی له‌وه کردووه که به‌کرێگرتن بۆ هه‌ر دوو توێژی نێونجی و که‌مداهاتی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران وه‌کوو خه‌ونی لێهاتووه و له ئه‌مساڵدا خه‌ڵکێکی زیاتر بێ سه‌رپه‌نا ده‌بن.
فه‌رشید پوورحاجه‌ت، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی بیناسازیی له ئێران به‌نیسبه‌ت دۆخی بازاڕی خانووبه‌ره به‌تایبه‌ت خانووی کرێ هۆشداریی جیددی داوه و له‌و باره‌وه وتوویه‌تی: "له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامیی بازاڕی به‌کرێدانی خانوو به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه به‌کرێدانی خانوو ده‌چێته قۆناغێکی نوێوه و له ئه‌مساڵدا توێژی که‌مداهات و ته‌نانه‌ت نێونجیش له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی گه‌وره ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه".
"پوورحاجه‌ت" به ئاماژه‌دان به که‌مبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی توانای کڕینی خه‌ڵک وتوویەتی: "له ئێستادا ٣٨ له‌سه‌دی خه‌ڵکی ئێران کرێچین و ئەمە له کاتێکدایه که سازکردنی خانوو بۆ کرێ به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو دابه‌زیوه و پێشبینی ده‌کرێت له وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵدا ئه‌و گرفته گوشارێکی زیاتر بخاته سه‌ر خه‌ڵکی که‌مداهاتی ئێران".
ناوبراو له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا باسی له‌وه کردووه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست و ئاسانکارییه بانکییه‌کان وه‌کوو هۆکاری چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی توانای کڕینی خانوو به ئه‌ژمار ده‌هاتن به‌ڵام له ئێستادا چیتر کارایه‌کی ئه‌وتۆیان نییه و هه‌ڵاوسانی هه‌وسارپچڕاو به‌ته‌واوه‌تی توانای کڕینی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی که‌م کردووه‌ته‌وه".
بە هۆی به‌رده‌وامیی قه‌یرانی ئابووری، هه‌ژاری، بێ‌کاری و قووڵتربوونی که‌لێنی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران‌دا، نزیک به یه‌ک میلیۆن کرێچی له ماوه‌ی ٥ ساڵدا که‌وتوونه‌ته ژێر هێڵی هه‌ژاری و نه‌داری به ته‌واوی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیون.
له ڕاپۆرتی هه‌واڵدەریی ڕێژیم‌دا هاتووه: "له ساڵی ١٤٠١دا زیاتر له یه‌ک میلیۆن بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژاری کرێچی له شاره‌کاندا، ٨٢ له‌سه‌د داهاتی که‌متر له هێڵی هه‌ژارییان هه‌یه و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ١٨ له‌سه‌دی کرێ خانووش تووشی هه‌ژاریی زیاتری کردوون.
وه‌زاره‌تی ته‌عاون، کار و خۆشبژێویی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێژیم هه‌روه‌ها ئاماری کرێنشینانی هه‌ژاری له گونده‌کان به ١٠٠ هه‌زار بنه‌ماڵه خه‌مڵاندووه که ده‌کاته ٨ له‌سه‌دی کرێنشینانی ئێران.
کارناسانی بواری ئابووری له ئێران‌دا، سیاسه‌تی پشتیوانیی ڕێژیم له هه‌مبه‌ر بنبڕکردنی هه‌ژاری و دروستکردنی خانوو بۆ کرێنشینانیان له‌ڕاده‌به‌ده‌ر لاواز له قه‌ڵه‌م داوه و ڕایانگه‌یاندووه: "بۆ بنبڕکردنی هه‌ژاریی خانووبه‌ره له شاره‌کان سیاسه‌تێکی کورتمه‌ودا له ڕاستای دابینکردنی تێچووی خانووبه‌ره وەک پێدانی یارمه‌تیی خانوو بە بێ وەرگرتنەوە، کۆنتڕۆڵی کرێ خانوو و دانی سه‌به‌ته‌ی پشتیوانیی که‌لوپه‌له خۆراکییه پێویسته‌کان لەبەر بگیرێ.
له ئیران‌دا نرخی هه‌ڵاوسانی کرێ خانوو به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئاماری ڕێژیم، نزیک به ٣٠ هه‌تا ٤٠ له‌سه‌د بڵاو کردووه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها کرێنشینان هەڵاوسانی گه‌وره‌تر له ٧٠ هه‌تا ١٠٠ له‌سه‌دیان ئه‌زموون کردووه.