
شۆرای میللیی سوننە مەزهەبەکانی ئێران لە بەیاننامەیەدا دەسبەسەرکرانی نایاسایی مامۆستا لوقمان ئەمینیی مەحکووم کرد و ئەمەی بە نیشانەی هەڵاواردنی سیستماتیک و گوشارە ئەمنییەکان بەرامبەر بە زانایان و چالاکانی ئایینیی سوننە مەزهەب ناو برد.
لەو بەیاننامەیەدا شۆرای میللیی سوننە مەزهەبەکانی ئێران بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، دەسبەسەرکردنی نایاسایی و سەرەڕۆیانەی مامۆستا لوقمان ئەمینی، زانای ناوداری سوننە مەزهەبەکان و کەسایەتیی بەڕێزی خەڵکی کوردستانی محکووم کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، مامۆستا ئەمینی وەک زانایەکی پایەبەند هەمیشە لە بڕەودانی عەداڵەت و گفتوگۆ و داوای ئاشتییانەی مافی سوننە مەزهەبەکان ڕۆڵێکی کاریگەری بووە. هەڵسوکەت لەگەڵ کەسایەتییەکی ئاوا، نەک هەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی ١٢ و ١٥ی یاسانی بنەرەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵکوو نیشانەیەکی نیگەرانکەری درێژەی هەڵاواردنی سیستماتیک و گوشارە ئەمنییەکان بەرامبەر بە زانایان و چالاکانی ئایینی سوننە مەزهەبە.
ئەوان لە درێژەدا نووسیویانە، لە دەیان ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگەی سوننە مەزهەبی ئێران لە بوارەکانی ئایینی، مەدەنی و سیاسیدا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان بووەتەوە. هەر لە بێبەشکردنی بنیاتنانی مزگەوت و قوتابخانە ئایینییەکانەوە تا نەبوونی نوێنەرایەتیی کاریگەر لە دامودەزگاکانی بڕیاردان، درێژەدان بەم ڕەوتە زیانێکی زۆر بە یەکیەتیی نەتەوەیی و متمانەی گشتی دەگەیەنێت.
ئەم شۆرایە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە یاسا و مافی هاووڵاتیبوونی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، داوای ئەم خاڵانەی کردووە کە بریتین لە:
- ئازادیی خێرا و بێمەرجی مامۆستا لوقمان ئەمینی
- ڕاگرتنی دەسبەسەریی نایاسایی و گوشارە ئەمنییەکان دژی زانایانی سوننە مەزهەب
- جێبەجێکردنی تەواو و بێ کەموکۆڕیی مافە یاساییەکانی سوننە مەزهەبەکان بەپیی یاسای بنەڕەتی
شۆرای میللیی سوننە مەزهەبەکانی ئێران لە کۆتاییدا هۆشداری داوە کە درێژەدان بەم جۆرە ڕوانگەیە نەک تەنیا کەلێنە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکان قووڵتر دەکاتەوە، بەڵکوو لێکەوتەی نیگەرانکەری بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەبێت.