
ڕێکخراوی زانستی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک وێنەی ئاسمانی ڕایگەیاندووە کە ئێران لەهەوڵدایە تاکوو ناوچەیەکی ئەمنییەتیی بەربڵاو لە دەوروبەری دامەزراوەی ناوکیی "نەتەنز" دروست بکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوچە ئەمنییەتییەکە لە دەوری دوو تونێلی قووڵ دروست دەکرێت کە تا ڕادەیەکی زۆر چوونەتە بنی زەوییەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە ئەم دوو تونێلە تاکوو ئێستا نەخراونەتە ژێر چاوەدێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییەوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی گومانی پاشکەوتکردنی ئورانیۆمی پیتێندراو لەو دوو تونێلەدا.
دەیوید ئالبرایت، بەرپرسی ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە بووەتە جێگەی نیگەرانی و ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی لەم تونێلانەدا ئورانیۆمی پیتێندراوی پاشکەوت کردبێت یان کۆمەڵێک سانتریفیووژی پێشکەوتووی بۆ پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی سەرەوەی لەم شوێنەدا جێگیر کردبێت تا بتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا ئورانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
ئالبرایت زیادی کردووە کە قووڵایی ئەم دوو تونێلە بە ڕادەیەکی زۆر لە بن زەوی و لە ژێر شاخی "کولەنگ گزلا" کە شاخێکە لە نزیکی دامەزراوەی نەتەنز، دروست کراوە.
ئەم هەوڵانەی تاران لە ئێستادا و لەکاتێکدایە کە ماوەی نزیک بە سێ حەفتەیە وتووێژە ناوکییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەستی پێ کردووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کاتی دەسپێکی ئەم دانیشتنانەوە چەند جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێگە بە تاران نادات چیتر ئورانیۆمی پیتێندراو بەرهەم بهێنێت.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ، ڕایگەیاندووە کە ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامە ناوکییە ئاشتیخوازانەکەی دەتوانێت ئورانیۆمی پیتێندراو تا ئاستی ٣.٦٧ ٪ هاوردە بکات نەک خۆی بەرهەمی بێنێت.
بەپێێ زانیاریی چەند سەرچاوەی جیهانی، تاران نایهەوێت کە بەرنامەکانی خۆی بۆ پیتاندنی ئورانیۆم بە تەواوی وەلا بنێت و هەروەها بەوەش ڕازی نابێت کە ئورانیۆمە پیتێندراوەکەی ڕادەستی وڵاتی سێیەم بکرێت.
لە ئێستادا و بە پتەوکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی دەروبەری دامەزراوەی نەتەنز و ئەم دوو تونێلە قووڵە، گومانەکان بۆ پاشەکەوتکردنی ئورانیۆمی پیتێندراو و سانتریفیووژە پێشکەوتووەکان لەم دوو تونێلەدا زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە ڕەنگوبۆنێکی ڕاستیی بە خۆیەوە گرتووە.
دەوڵەتی ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا ئامادەیی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزاوە ناوکییەکانی ئێران ڕاگەیاندووە.
دۆناڵد ترامپ بەرنامەکانی ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشەی تا کۆتاییهاتن بە وتووێژەکان وەدوا خستووە.