
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠٢٥ـەوە کە هاوکاتە لەگەڵ (١٢ی خاکەلێوە) لە ماوەی تەنیا ٢٢ ڕۆژدا لانیکەم ٢٢ حاڵەتی ژنکوژیی لە ئێراندا تۆمار کردووە.
بە سەرنجدان بە نەبوونی ڕوونکاری لە دامەزراوە دادوەری و فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ئەم ئامارانە تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکان نیشان دەدەن و بە لەبەرچاوگرتنی "ئامارە شاراوەکان"، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییانی ژنکوژی لە ئێران زۆر زیاتر لەو حاڵەتە تۆمارکراوانەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە زەوتکردنی سیستماتیکی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان و دەرکردن و جێبەجێکردنی یاسای دژەژن، نەک هەر لە هەندێک حاڵەتدا ڕاستەوخۆ لە کوشتنی ژنان بەرپرسیارە، بەڵکوو ئاسانکاری بۆ بەسێنی ئەنجامدانی ئەو جۆرە تاوانانەش بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو دەکات.