
بەپێێ نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٣٨.٩٪.
بەپێی ئامارەکانی ئەم ناوەندە نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی ڕابردوودا ٣٧.١٪ بووە و لە خاکەلێوەدا گەیشتووەتە ٣٨.٩٪، بەو واتایەی کە خەڵک کەرەستە پێویستەکانیان لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا نزیک بە ٣٩٪ گرانتر لە خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو کڕیوە.
نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ پێوەرێکە بۆ نیشاندانی ڕەوتی بەرزبوونەوەی تێچووی ژمارەیەک کاڵای دیاریکراو لە کۆتایی هەر مانگ و ساڵێکدا بە بەراورد لەگەڵ مانگ و ساڵی ڕابردووی خۆی.
هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکانی ئەم ناوەندە، هەڵاوسانی مانگانە لە خاکەلێوەدا گەیشتووەتە ٣.٩٪ و هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە ٣٣.٢٪.
نرخی هەڵاوسانی ساڵانە پێوەرێکە بۆ نیشاندانی نرخی کەرەستە، کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا.
بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە ئێران گوشارەکانی بۆ سەر خەڵک بەتایبەتی خەڵکی هەژار زیاتر کردووە و کۆمەڵێکی دیکەی ڕەوانەی ژێر هێڵی هەژاری کردووە.
بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەڵاوسان، زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران پووچەڵ دەکاتەوە و بەردەوام هێزی کڕینی کرێکاران بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان کەمتر دەکاتەوە.
کارناسانی بواری ئابووری هۆشدارییان داوە کە ئەگەر هەڵاوسان لە ئێران کۆنتڕۆڵ نەکرێت و هەر لە سەر ئەم ڕەوتە بچێتە پێشەوە، لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ هەڵاوسان دەتوانێت بگاتە ٥٠٪ کە ئاستێکی مەترسیدار و کارەساتبار بۆ سەر ژیانی خەڵکە.
گەمارۆکانی ئەمریکا و سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە، سەرەکیترین هۆکارەکانی دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و لە ئاکامدا هەڵاوسانی بێسنوور لە ئێرانە.