
هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید محەممەدئەمین نادری)
دوێنێ لە ئاور ڕادەمام، مێژووی هەموو ئەفسانەیی
ئەوڕۆکە ئوستوورە دەژیم، ئەو ڕێگە ڕوانینی منە
برایم چووکەڵی
تا چه‌وساوان له كۆڕی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانیدا كۆوە نه‌بن و له به‌رامبه‌ر پێشێلكرانی مافەکانیان ڕانه‌وه‌ستن و به گژ ناهه‌قیدا نه‌چنه‌وه، تا وڵاتپارێزان سینگیان نەکەنە قەڵغان لەهەمەر تیری داگیکەر و گولله‌ی شه‌وپه‌رستانی دڵڕه‌ق و قین‌له‌زگ و دوژمنانی ئازادی، تا لاوه به‌هه‌ست و خوێن گه‌رمه‌كان پۆل پۆل نه‌یەنه ڕیزی شۆڕشی کوردستانەوە، تا لێشاوی فرمێسك و خوێن نه‌بێته ده‌ریای شه‌پۆلان و ته‌خت و به‌ختی سه‌ر كوتكه‌ران ڕانه‌ماڵێ، ئازادی و به‌خته‌وه‌ری نایه‌ته به‌رهه‌م.
ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نی خۆیان به‌ختی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن و به سه‌ربه‌رزی و ڕووسووری ده‌سته‌ملانی خاكه پیرۆزه‌كه‌یان ده‌بن، له‌نێو كۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵكدا جێگای هه‌تا هه‌تایان بۆ ته‌رخان ده‌كرێ و له پاش مردنیش ناو و ناوبانگیان به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر بۆیه لاوان و شۆره‌سوارانی گه‌لی كورد و مرۆڤه هه‌ڵكه‌وتووه‌كان، ئه‌وینداری ڕێگای ئازادی و دێموكراسی، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ژیانه سه‌ر به‌رزانه‌یه و، له‌پێناوی هێنانی ئازادی‌دا، خه‌بات ده‌كه‌ن و به فیداكاری و گیانبازی و خۆبه‌ختكردن، ڕچه‌ی خه‌بات ده‌شكێنن و به خوێنی خۆیان نه‌مامی ئازادی پاراو ده‌كه‌ن. لەم بەرنامەیەدا ڕێز لە یادو فیداکاری یەکێک لەو فەرماندە قارەمانانەی گەلەکەمان لە ناوچەی پاوە دەگرین. لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا لاپەڕەکانی ژیان و خەباتی یەک لەو قارەمانانە هەڵدەدەینەوە.
محەممەدئەمین نادری ناسراو بە حەملەڕوش لە گوندە جوان و خنجیلانەکەی نۆریاو لە یەک کیلومیتریی شاری پاوە لە دایک بوو. بە هۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیان و کەمداهاتیی بنەماڵەکەیان لە خوێندن بێبەش و هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ زەحمەت و کوێرەوەریی ئاشنا بوو، و هەر لە مندالییەوە لەشی شلکی دایە بەر کار و کاسبی.
حەمەدەمین لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەشداریی چالاکانەی کرد و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا. پاش ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە لێ‌وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنی وردبینانە، ڕیزەکانی حیزبی هەڵبژارد و لە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزب لە ناوچەی هەورامان ئەرکی تەشکیلاتی و نیزامیی پێ ئەسپێردرا. پاش شەڕی پاوە و فەرمانە بەدناوەکەی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژ و ڕاگەیاندنی جیهاد دژی خەڵکی کوردستان، شەهید محەممەدئەمین بوو بە ناوێکی جێگای هومێدی نیشتمانپەروەران و لەولاشەوە ناوێکی تۆقێنەر بۆ سپای داگیرکەر و خۆفرۆشانی ناوچە .
بەهۆی فیداکاری و قارەمانەتی لە ماوەیەکی کورت‌دا حەملەڕوش بوو بە نموونەی ئازایەتی و ناوی کەوتە سەر زاری دانیشتووانی هەورامان و جوانڕۆ. ئەو لە شەڕی سێ مانگەدا زیاتر خۆی دەرخست و ناوچەی نەوسود و نۆدشە و دووئاو و مەلاندەریی کردە دۆزەخی سپا دڵ ڕەقەکەی کۆماری ئیسلامی .پاش دەیان ساڵ لە شەهیدبوونی، تانک و ماشێنە سوتاوەکانی دۆڵ و هەڵدێری سەر جادەکانی ملەندو و پێچەکانی نەوسود و دووئاو و مەلاندەر نیشانەی قارەمانەتتی حەملەڕۆش بوو .
لە کاتی سازماندەیی هێزەکان لە لایەن حیزبەوە و دامەرزاندنی هیزی شاهۆ، حەملەروش وەک فەرماندەی یەکێک لە لکەکانی هێزی شاهۆ دیاری کرا. حەمەدەمین هەروەک چاوەڕوان دەکرا زۆر سەرکەوتووانە ئەو قۆناغەشی بڕی و چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی بەڕێوە برد. ئەو لە دەیان هێرش و پەلاماردا گورزی کاریگەری لە سپای هێرشبەر وەشاند و سەرکەوتنی بۆ گەلەکەی و هێزی سەربەرزی شاهۆ تۆمار کرد. حەملەڕۆش وەک فەرماندەرێکی کارامە، خاراو، خاوەن ئەزموون و بەتوانا ئەرکی پێ ئەسپێردراوی جێبەجێ دەکرد و لە ماوەیەکی کورت‌دا لێهاتوویی و دڵسۆزیی خۆی بە باشترین شێوە نیشان دا و دەری خست کە ئازا و فیداکار و بەجەرگە و دەریخست کە باوەری کوردایەتییەکەی قایم‌وقۆڵە.بەمجۆرە زۆری نەکێشا فیداکاری و هەست بە بەرپرسایەتی‌کردنی حەملەڕوش بووە وێردی سەر زمانی هاوسەنگەرانی.
بەداخەوە حەمەدەمین زۆر نەژیا کە زیاتر خزمەی بە گەلەکەی بکا و ڕۆژی ١٦ی بانەمەری ساڵی ١٣٥٩ لە شەڕێکی دەستە و یەخە و قارەمانانە لە پەرپەرچدانەوەی هێرشی داگیرکەرانی کوردستاندا بۆ سەر کەمەرە بەتاڵی ناوچەی پاوە چووە کاروانی شەهیدانی گەل و نیشتمانەوە. لەم عەمەلیاتەدا کە بە دەیان بەکریگیراو و جاش کوژران، هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی کاک حەمەدئەمین نادری سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد، بەڵام خوێن‌بایی ئەم سەرکەوتنە گیانی شیرینی بە فەرماندە حەملەڕۆش بوو .
تەرمی پیرۆزی شەهید حەملەڕۆش بە بەشداریی خەڵکێکی زۆری ناوچەکە و هاوسەنگەرانی لە گوندی نجار بە خاک سپێردرا
لەهەر شوێنێكدا پێشمەرگە هەیە
حەج لەوێ‌بكەن ئەوێ كەعبەیە
تەنیا پێشمەرگە ئازا و گەورەیە
هەم پێشمەرگەیە و هەم سەركردەیە
سینگی سەنگەرە و دڵی لووتكەیە
چاوی هاوەنە و پەنجەی گوللەیە