کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە سەقز

15:01 - 5 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، حاجی عەبدوڵڵا ڕەزاپوور باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە تەمەنی ١١٥ ساڵیدا و بۆ هۆی نەخوشی و بەساڵاچووییەوە لە گۆندی کێلەشێن سەر بە ناوچەی گەورکی سەقز کۆچی دوایی کرد.

حاجی عەبدوڵڵا سەر بە بنەماڵەیەکی خۆشناو و ناوبەدەرەوەی ناوچە بوو.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی عەتا ڕەزاپوور ناسراو بە عەتا کێلەشینی لە ڕیزی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە.

شەهید عەتا ڕەزاپوور لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاویدا لە گوندی کێلەشین لە دایک بووە. ناوبراو کادری دەرەجە ٤ی حیزب بوو کە لە ڕێکەوتی ٩ی خەرمانانی ١٣٧٥ لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز بە هۆی دەرمانداوکران بە ژەهری سالیۆم لەلایەن بەکرێگیراوێکی ڕێژیمەوە بە ناوی نەوید فەتحی، ژاراوی بوو و لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی شەهید بوو و تەرمەکەی لە بازیان بە خاکی کوردستان سپێردرا.

حاجی عەبدوڵڵا هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە گوندی کێلەشین و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کۆردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.