
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، حاجی عەبدوڵڵا خزرپوور خەڵکی ڕەبەت لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی عەبدوڵڵا کەسایەتییەکی ناسراو و خۆشناوی ڕەبەت و گوندەکانی دەوروبەری بوو کە بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی، لە سوڵح و ئاشتەوایی لەنێو خەڵک ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.
کوڕێکی ناوبراو بە ناوی ساڵح ڕەبەتی لە نێو ڕێزەکانی حیزبی دیمۆکراتدا سیمایەکی ناسراو بوو. ناوبراو یەکێک لە فەرماندە بە توانا و سەرکەوتوو و دیارەکان بوو. ئەو فەرماندەیە لە هێزەکانی زمزیران، قەندیل و کێلەشین ئەرکی فەرماندەریی هێزی لەسەر شان بوو و ئێستا لە ئەمریکا دەژیت و لە چوارچێوەی کاری تەشکیلاتی و حیزبیدا خزمەت بە نیشتمانەکەی دەکات.
هەر بەم بۆنەیەوە حاجی عەبدوڵڵا هێندەی تر ببووە جێی باوەڕی خەڵک و کەوتبووە بەر تیغی جەلادەکان و ئەزیت و ئازار دەدرا و دەیان جار وێڕای ئەندامانی تری بنەماڵەکەی کەوتە زیندان و ئەشکنجە کرا.
لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠دا حاجی عەبدوڵڵا، لەگەڵ کوڕە گەورەکەی خدر خزرپوور وێڕای بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان، بۆ ماوەی چەند مانگ لە وڵات دەرکران و حەقی گەڕانەوەیان بۆ نێوخۆی وڵات پێ نەدەدرا.
حاجی عەبدوڵڵا هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی بە ڕۆحی بەرزی کوردانەوە ژیا و تەسلیمی سیاسەتەکانی ڕێژیم نەبوو.
ناوبراو لە کاتی پێویستدا دەبوو بە پەناگەی کادر و پێشمەرگەکان و حەشاری دەدان و ئەیپاراستن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.