کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارمتەی ٨٠ میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی کاتی زیندانییەکی عەرەب

11:17 - 6 بانەمەڕ 2725

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''کاروون'' بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی کاتی عەبدولئیمام زائێری، زیندانیی سیاسیی عەرەب داوای بارمتەی ٨٠ میلیارد تمەنی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەمیر خەلیفیان، دادستانی گشتیی خووزستان، بە مەرجی دابینکردنی ئەم بارمتە قورسە، ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە دەربڕیوە.

عەبدولئیمام زائێری بۆ چارەسەری پزیشکی، پێویستی بە مۆڵەت هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​داوای ئەم بارمتەیە کراوە. ئەم بڕە پارەش بەپێی نرخی دراوی ئەمڕۆی ئێران بەرابەر بە یەک میلیۆن دۆلاری ئەمریکایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون جەختی لەوە کردووەتەوە کە "دەرکردنی ئەو جۆرە بارمتەیە، جگە لەوەی لەگەڵ پرەنسیپەکانی دادپەروەری و پێوەرە یاساییەکان ناکۆکی هەیە، ڕەنگدانەوەی ڕوانگەیەکی تەژی لە هەڵاواردن و نادادپەروەری بەرامبەر بە زیندانییانی سیاسی عەرەبی ئەهوازی، وەکووعەبدولئیمام زائیری نیشان دەدات".

عەبدولئیمام زائێری، زیندانیی سیاسی تەمەن ٥٢ ساڵ، لە ساڵی ١٣٨٤ـەوە لە زیندانەکانی کاروون و شەیبان بەند کراوە و ئێستا بیستەمین ساڵی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دەبات.

ناوبراو لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خووزستان لە ساڵەکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوی، کە لە کاردانەوە بە سیاسەتەکانی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی و دەسبەسەرداگرتنی زەوی و زاری عەرەبەکانی دانیشتووی خووزستان ڕووی دا، دەسبەسەر کرا کە سەرەتا سزای لەسێدارەدان و دواتر زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.