
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی هەینی ٥ی بانەمەڕ، بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی کە لە دەیەی ٦٠ لە سێدارە دراون، بۆ یادکرنەوەی ئەو کەسانە سەردانی گۆڕستانی خاوەرانیان کرد، بەڵام هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درگای ئەو گۆڕستانەیان داخست و ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی ئەو بنەماڵانە و ئامادەبوونیان لەسەر گۆڕی ئازیزانیان کرد.
ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەو جۆرە ڕێگری لە چوونی خەڵک بۆ ئەم گۆڕستانە دەکەن. هێز و ناوەندەکانی ڕێژیم لەم ساڵانەی دواییدا گوشاری زۆریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە لە دەیەی شەستەکاندا لە سێدارە دراون.
هەر لەو پێوەندییەدا لە دوایین هەینیی ساڵی ڕابردوودا ئەو بنەماڵانە وەک هەموو ساڵێک بۆ یادکردنەوەی ئازیزانیان چوونە گۆڕستانی خاوەران، بەڵام دیسان هێزەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی ئەو بنەماڵانە کرد.
هەروەها بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە کە ئەو بنەماڵانە بەهۆی سەردانی گۆڕی ئازیزانیان و دانانی گوڵ لەسەر گۆڕەکانیان و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەیان ڕووبەڕووی ئازار و ئەزیت و ڕێگریکردنی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هەڵگرتن و بردنی خاکی ئەو گۆڕستانە، دروستکردنی دیوار، دانانی کامێرای چاوەدێری، هەوڵدان بۆ ناشتنی هاووڵاتییانی بەهایی لەو گۆڕستانە بەشێکن لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وێرانکردن و گۆڕینی گۆڕستانی خاوەران لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودان.
لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ئێڤین، گەوهەردەشت لە تاران و زیندانەکانی مەشهەد، شیراز، ئەهواز و هەندێک شاری دیکەی ئێران لە سێدارە دران.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بە فەرمی بەرپرسایەتی ئەم کوشتنە بەکۆمەڵەی وەئەستۆ نەگرتووە و لە لە ئاشکراکردنی شوێنی ناشتنی ئەو قوربانییانە خۆی پاراستووە. بەڵام ڕزگاربووان و بنەماڵەی لەسێدارەدراوان باس لەوە دەکەن کە سەدان لەو زیندانییە سیاسیانە بە کۆمەڵ لە گۆڕستانی خاوەران لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی تاران نێژراون.