
بەڕێوەبەری گشتیی هەرەوەزی، کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ڕابردوودا ٩٣٠٠ سکاڵا لەلایەن کرێکارانی ئەم پارێزگایەوە بە دژی خاوەنکاران تۆمار کراوە.
بورهان سەڵواتی بەم هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیمی وت: "بە درێژایی ساڵ کۆمەڵێک سکاڵا لەلایەن کرێکارانەوە سەبارەت بە بڕی مووچە یان کۆتاییهێنان بە کارکردن لەلایەن خاوەنکارانەوە دێتەوە ئەم ئیدارەیە کە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت".
بە وتەی سەڵواتی دۆخی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، هیچ لە پارێزگای سنە باشتر نییە و لە هەموو ئێراندا بە ڕێژەی حەشیمەتی کرێکاران ئەم سکاڵایانە تۆمار کراوە.
ئەم قسانەی بەڕێوەبەری گشتیی هەروەزی، کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە دەریدەخات کە کرێکاران بەتایبەتی لە سنە و بەگشتی لە ئێران، جگە لە ئەنجامی ئەرکە قورسەکانیان دەبێت دواتریش بۆ وەرگرتنی مافەکانیان هاتوچۆی دادگا و پاسگا بکەن.
ساڵانێکە چینی کرێکاران لە ئێران بەهۆی دەستەبەرنەبوونی مافە ڕەواکانیان وەک کەمیی حەقدەست، نەبوونی ئەمنییەتی کار، نەبوونی پشتیوانیی پێویست لەلایەن بیمەکان و نەبوونی یاسایەکی پشتگیر لەلایەن دەوڵەتەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
ئەمە تەنیا بەشێک لە کێشەکانی چینی کرێکار لە هەموو ئێرانە و باسەکە کە دەگاتە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان، کێشە تایبەتییەکان بەم ناوچانەشی پێ زیاد دەبێت.
قەیرانی چارەسەرنەکراو و درێژەداری ئابووری لە ئێران و هەڵاوسانی بێسنوور، بەرزبوونەوەی ساڵانەی حەقدەستی کرێکارانی بێسوود کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە کرێکاران سەرەڕای بەرزبوونەوەی حەقدەستەکانیان نە تەنیا هێزی کڕینیان بەهێزتر نابێتەوە بەڵکوو لەچاو مانگ و ساڵی ڕابردوو لاوازتر دەبێت.
لە ئێستادا ئەم ڕێژەیە لە سکاڵای کرێکاران لە سنە و هەموو ئێران نە تەنیا نیشاندەری ئاڵۆزییەکان لە بازاڕی کاردایە بەڵکوو نیشاندەری شکستێکی دیکە بۆ سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێرانە و کرێکاران ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەکات.