
نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە واشنگتۆن بۆ گۆڕینی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سووریە مەرجی داناوە کە ئەو وڵاتە وەک پێشمەرجێک بۆ سووککردنی بەشێکی گەمارۆکانی، دەبێ ڕێگری لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە بکات.
دورۆتی شیا نوێنەری ئەمریکا وتوویەتی، واشنگتۆن خوازیاری ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی سووریە بە تەواوی تێرۆریزم ڕەت بکەنەوە و سەرکوتی بکەن، سیاسەتی دەستدرێژی نەکردن بۆ وڵاتانی دراوسێ بگرنەبەر و لە بەکارهینانی چەکدارانی بیانی لە هەر ڕۆڵێکی فەرمیدا خۆ ببوێرن.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکاییە جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ئەحمەد شەرع دەبێ ڕێگریی لە کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە میلیشیاکانی لە خاکی سووریە بکات، چەکی کۆمەڵکوژ لەنێو ببات، لە دۆزینەوەی هاووڵاتییانی بێسەروشوێنی ئەمریکا لە سووریە هاوکاری بکات و ئەمنییەت و ئازادیی هەموو هاووڵاتییانی سووریە دەستەبەر بکات.
لەم دانیشتنەدا نوێنەری کۆماری ئیسلامی دەستێوەردانەکانی ئێران لە سووریە و ناسەقامگیرکردنی ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە.
جێگەی ئاماژەیە هەتا پێش لە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە دەستێوەردان لە شەڕی نێوخۆیی چەندین ساڵەی سووریە و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ئەم وڵاتە، لە نێوان ٣٠ هەتا ٥٠ میلیارد دۆلاری لە ڕاستای بەرەوپێشبردنی هەوڵە شەڕەنگێزەکانی خۆی لە سووریە خەرج کردووە.