
ئاگاداری و ڕوونکردنەوەیەک لە بەشی سایبێریی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە چەند کاناڵی تێلێگرامیی گوماناوی
ماوەیەکە گرووپێکی گوماناویی سایبێری کە لە هیچ شوێنێک ناو و پێناسی خۆیان باس نەکردوە و تەنیا بە هەژمار و کەناڵی ساختە لەسەر پلاتفۆرمی تێلێگرام دەردەکەون، بانگەشە بۆ کیبۆردێکی کوردیی بە ڕواڵەت دروستکراوی خۆیان بە ناوی "بێهاوتا" دەکەن!
چەند خاڵ لەم پێوەندییەدا:
١- دروستکردنی کیبۆردێکی لەمشێوەیە کارێکی فەرهەنگی – ئەدەبی و بەجێیە، بەڵام پێویستە دانەرانی بەڕوونی و بەفەرمی خۆیان بناسێنن نەک پێناسی خۆیان بەشاراوەیی بهێڵنەوە.
٢- هەرجۆرە ئەپێک پێویستە لەبواری ئەمنییەتی و ستانداردەکانی پرۆگرامینگەوە پشتڕاست بکرێتەوە. ئەم کیبۆردە نەتەنیا هیچ ستانداردێکی پرۆگرامینگی نییە، بەڵکوو بەتەواوی بارگاوی و نائەمنە و لە هیچ شوێنێکی فەرمیی وەک (App Store – Google Play) ناوی نیە.
٣- یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم گرووپە سایبێرییە، کارکردنی ڕواڵەتییە "بە دژی ئاسیمیلاسیۆنی زمان و کەلتووری کورد"! لە حاڵێکدا بەشی زۆری کارکردیان لە دژی چالاکانی مەدەنی – فەرهەنگی و مامۆستایانی بەئەمەگی زمانی کوردییە. لەم پێوەندییەدا لە ڕێگەی کەناڵی (آسیمیلاسیون - t.me/asimilasion) ئەوپەڕی بێڕێزی و سووکایەتییان بە چالاکانی فەرهەنگی و مامۆستایانی دڵسۆزی زمانی کوردی کردوە و هەڕەشەیان لێکردوون.
٤- ئەم گرووپە لەژێر تیشکی تێکۆشان دژی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەیی و پێویستیی چالاکیی کولتووری و شوناسخوازیی کوردی پێوەندی بە کەسایەتییە سیاسی ، حیزبی و دیارەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە دەگرن و ئێمە لەو ڕوونکردنەوەیەدا ئەو بەرچاوڕوونییەمان خستووەتە بەر باس کە پێویستە هەموو لایەک بە وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکەن
٥- بەشی سایبێریی حیزبی دێموکرات، زۆر بە وردی بەدواداچوونی بۆ هەموو هەژمار و کەناڵە ساختەکانی ئەم گرووپە کردوە و بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ئەمانە مۆرە و دەستوپێوەندی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمن و بەشێکن لە پیلانی بەرنامەبۆداڕێژراوی پێشتر و هەنووکەیی ڕێژیم بە دژی کولتوور، ئەدەب و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان.
هەر بەم پێیە، داوا لە بەکاربەرانی ئەو ئەپە دەکەین کە لەبەکارهێنانی خۆ ببوێرن و پەیوەستی ئەو چەشنە کاناڵە بێپێناس و فەیکانەش نەبن.