
ستارە مووساپوور، لە قوربانییانی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە کۆتۆل سەر بە شاری خۆی بە چەکی گەرم لەلایەن برای هاوژینەکەیەوە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، ستارە مووساپوور، تەمەن ۱۸ ساڵ و خەڵکی گوندی گوگردی سەر بە شارۆچکەی کۆتۆل لەلایەن برای هاوژینەکەیەوە بە چەکی گەرم کوژرا.
یەکێک لە هاوڕێیانی نزیکی قوربانی لەو پێوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: ستارە مووساپوور کە دوو ساڵ پێشتر هاوسەرگیریی کردبوو بەهۆی ئەوەی منداڵی نەدەبوو بەردەوام لەلایەن بنەماڵەی هاوژینەکەیەوە بەرەوڕووی توندوتیژیی زارەکی و فیزیکی دەبووەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مووساپوور، ستارە سێ ڕۆژ پێش کوژرانی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی دایک و بابی و بۆ ڕزگارکردنی گیانی داوای یارمەتیی لێ کردوون، بەڵام بە گوشاری بنەماڵەکەی و بە بیانووی پاراستنی ئابڕوو گەڕێندراوەتەوە بۆ لای هاوژینەکەی.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بکوژ یەک ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی بە ڕەزامەندیی بابەگەورەی قوربانی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی ۲۲ ڕۆژی سەرەتای مانگی ئاوریلی ۲۰۲۵دا لانیکەم کوژرانی ۲۲ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.