کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوگردەدی و شوگرمامی؛ ئاوێنەی قەیرانی ئابووری و ئەخلاقی لە ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهدا

16:39 - 6 بانەمەڕ 2725

دیاردەی "شوگردەدی" و "شوگرمامی" لە ئێران بەهۆی کاریگەرییەکانی هەژاری لە کۆمەڵگای ئێراند پەرەیان سەندووە.

بەپێێ ڕاپۆرتی "هەواڵدەریی مێهر"ـی سەر بە ڕێژیم، تەنیا لە ماوەی دە مانگدا لە ئێران واتا لە خاکەلێوە تا کۆتایی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، زیاتر لە ٢٥ هەزار هاوسەرگیری لە نێوان کەسانی تەمەن سەرووی ٥٠ ساڵ لەگەڵ لاواندا، کە بە شوگردەدی یان شوگرمامی ناسراوە، تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم ماوەیەدا ١٧ هەزار و ٣٤٧ پیاوی سەرووی ٥٠ ساڵ و هەروەها نزیک بە ٧ هەزار ژنی تەمەن سەروو ٥٠ ساڵ لەگەڵ کەسانی تەمەن خوار و لاو، پڕۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجام داوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٣٠٠ هەزار حاڵەتی دوو هاوسەری یان چەند هاوسەری تۆمار کراوە کە بە وتەی ئەم هەواڵدەرییە بەرپرسان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەم ئامارە ڕەت بکەنەوە یان پاساوی بۆ بهێننەوە.

بە بڕوای کارناسانی کۆمەڵایەتی، ئەم ئامارانە ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆمەڵگایەکە کە هەژاری، گەندەڵی و ناسەقامگیریی ئەخلاقیی کردووەتە پێوەرەیەکی نوێ بۆ ژیانکردن.

جیا لەم باسانە دیاردەی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیریی سپی لە ژێر سێبەری دەسەڵاتداریی نادروست و بەڕێوەبەریی نەخۆشی دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگای زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە بەرەو قەیرانی لێکترازان نزیک کردووەتەوە.

بەرزبوونەوەی ئاماری دیاردەی شوگردەدی و شوگرمامی لە ئێران یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی گۆڕانکاریی ناتەندروست لە کۆمەڵگایەکدایە کە قەیرانی ئابووری تەنگی پێ هەڵچنیوە و ژیانی لاوەکانی بەرەو ئامانج و ئاکامێکی ڕەش بردووە.

جیا لە بابەتی ئابووری، لەم بابەتەدا دەردەکەوێت کە بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا لە ژێر سێبەری دەسەڵاتداریی ڕێژیمێک کە خۆی بە میراتگری ئەخلاقی ئیسلامی دەزانێت، بەرەو چ ئاقارێکی ڕەش ڕۆیشتووە.

هەژاری و نائومێدی بە داهاتوو لە نێو لاوەکان بەهۆی نەبوونی سیستمێکی پشتگیر، پڕۆسەی هاوسەرگیریی لە ئێران بە شێوەیەکی نوێ  لە کار و کەسابەتدا پێناسە کردووەتەوە.