کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە جیهانییەکان: تەقینەوەکەی بەندەرعەباس بەهۆی ماددەی سووتەمەنیی مووشەکەکانی سپای پاسداران بووە

12:09 - 7 بانەمەڕ 2725

پاش زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی، تاکوو ئێستا هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە لەلایەن دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری ڕەجایی شاری بەندەر عەباس ڕووی دا.

تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بەهێز بوو کە ئاگرەکە لە چەند کیلۆمیتر دوورترەوە دیار و هەروەها خەسارێکی یەکجار زۆری بە بەندەرەکە و ناوچەکانی دەوروبەری خۆی گەیاند.

تاکوو ئێستا هیچ هۆکارێکی سەرەکی لەلایەن بەرپرسان و میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ڕووداوەکە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە تەقینەوەکە بەهۆی گڕگرتنی ماددەگەلی کیمیایی و هەستیارەوە کە لە بەندەرەکە گرۆمە کراون، ڕووی داوە.

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران لە کاردانەویەکی بەپەلە سەبارەت بە تەقینەوەکە ڕایگەیاندبوو کە ڕووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی سووتەمەنییەوە ڕووی داوە بەڵام دواتر شیرکەتی پاڵاوگەی نەوتی بەندەرعەباس پشتڕاستی کردەوە کە تەقینەوەکە هیچ پێوەندییەکی بە کۆگاکانی ئەم شیرکەتەوە نەبووە.

هاوکات لەگەڵ پەشۆکاویی میدیاکانی سەر بە ڕێژیم و لێدوانی جۆراوجۆری بەرپرسان، چەند سەرچاوەیەکی جیهانی باسیان لە ئەگەری تەقینەوەی ماددەی پێویست بۆ سووتەمەنیی مووشەک کردووە کە بڕیار بووە بگاتە دەستی سپای پاسداران.

بەپێی ڕاپۆرتی دوو هەواڵدەریی نیۆیۆرک تایمز و ئاسۆشەیتێدپرێس، تەقینەوەکە بەهۆی گڕگرتنی ماددەی پێویست بۆ سووتەمەنی مووشەک بووە.

نیۆیۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری پێوەندیدار لەگەڵ سپای پاسداران هێناویەتی کە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی بەهۆی ماددەی "سۆدیۆم پێر کۆلۆرات" کە یەکێک لە ماددە سەرەکییەکان بۆ دروستکردنی سووتەمەنی مووشەک بووە، ڕووی داوە.

 

ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز ماوەی سێ مانگ لەمەوبەر باسی لە هەناردەکردنی هەزاران تۆن سۆدیۆم پێر کۆلۆرات لە چینەوە بەرەو ئێران کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، کۆماری ئیسلامی پاش دوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و پاشان کردنەئامانجی کارخانەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەک لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێویستی بەم ماددەیە بۆ پاشکەوتکردنی مووشەکەکانی هەبووە.

فاینەنشاڵ تایمز لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە دوو کەشتی بە ناوەکانی "جەیران" و "گۆلبۆن" کە هەڵگری هەزاران تۆن ماددەی سۆدیۆم پێرکۆلۆراتن، لە دوورگەی دایشانی چینەوە بەرەو بەندەرعەباس لە ئێران وەڕێ کەوتوون.

ڕاپۆرتەکە جەختی کردبووەوە کە سپای پاسداران دەتوانێت بەم ماددەیە سووتەمەنی بۆ سەدان مووشەکی بالستیک بەرهەم بهێنێت.

تاکوو ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران هیچ کاردانەوەیکیان سەبارەت بە هەبوونی ئەم ماددەیە لە کۆگاکانی بەندەری ڕەجایی نەبووە.

هەواڵدەریی نیووزویک، ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوە ڕایگەیاندبوو کە بارهەڵگری جەیران کە لە چینەوە ڕێ کەوتبوو لە بەندەری ڕەجایی ئێران، لەنگەری گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی لایەنە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ٢٥ کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە کوژراون و زیاتر لە ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون و چارەنووسی ژمارەیەکیش ناڕوونە.