کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خولی سێهەمی وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا

12:21 - 7 بانەمەڕ 2725

کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئامریکا سێهەمین خولی وتووێژەکانیان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەسقەتی پێیتەختی عومان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕ، سێهەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا بە نێوبژیوانیی عومان لە شاری مەسقەت بەڕێوە چوو، هاوکات بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی حەفتەی ڕابردوو لە ڕۆمی پێتەختی ئیتاڵیا گەیشتە ئەنجام، هەیئەتی تکنیکی و کارناسانی دوو وڵات لەسەر وردەکاری تکنیکی ڕێککەوتنی ناوکی وتووێژیان کرد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری ئەو بەرپرسێکی ئەمریکایی بڵاوی کردەوە، "هێشتا دانوستانەکان کاری زۆری ماوە، بەڵام پێشکەوتنی زیاتر بەرەو ڕێککەوتن هەبووە".

دوای ئەم دانیشتنە، عەباس عێراقچی کەشی دانوستانەکانی بە جیددیتر لە پێشوو وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەم جددییەتە کەشێک دروست دەکات کە هیوادارین پێشکەوتن تێیدا بەدی بهێنرێت. بێگومان ئەم هیوایەی ئێمە هێشتا لە ئاستێکدایە کە زۆر بە پارێزەوە دەڕۆینە پێش."

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ''هەر دوو لایەن ئیرادەی خۆیان بۆ پێشکەوتن نیشان دا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هەندێک جار تەنیا ئیرادە بەس نییە و ڕەنگە ناکۆکییەکان ئەوەندە جیددی بن کە ڕێگری لە بەدەستهێنانی ئەنجامێک بکەن".

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە هەواڵدەریی فەرانسەی وتووە: " بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کارێکی زۆر ماوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێشکەوتنی زیاتر بەدەست هاتووە.''

هەروەها وەزیری دەرەوەی عومان لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە دانوستانەکان بەردەوامن و بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ١٣ی بانەمەڕ کۆبوونەوەی داهاتوو لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی باڵادا ئەنجام بدرێت.

 

دوای ئەوەیکە خولی دووەمی دانوستانەکان لە ڕۆم بەڕێوە چوو، هەردوولا لەسەر درێژەدان بە وتووێژەکان ڕێک کەوتن. بە وتەی کارناسان پرسی سەرەکیی دانوستانەکان لەسەر پیتاندنی ئورانیۆمی ئێرانە.

دۆناڵد ترامپ، لە دوایین لێدوانی خۆیدا سەبارەت بەو بابەتە ڕایگەیاند، دانوستانەکان لە بەرزترین ئاستدا بەڕێوەدەچن و ڕێککەوتنەکە دەتوانێت میلیاردها دۆلار تێچوو بۆ ئێران کەم بکاتەوە جەختیشی کردەوە کە تاکە ئامانج لەو دانوستانانە ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە.