کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەستی پێنج ساڵە لە غەززە ڕادەگەیەنێت

17:13 - 7 بانەمەڕ 2725

لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی  ناوبژیوانان بە ئاکام نەگەیشتووە و گەیشتووەتە بنبەست، یەکێک لە بەرپرسانی ئەو گرووپە ڕایگەیاند کە حەماس ئامادەیە هەموو دیل و بە بارمتەگیراوەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕدا ئازاد بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرانسە، ئەو بەرپرسە فەلەستینییە ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە حەماس بە دوای ئاگربەستی پێنج ساڵە لە غەززەیە و دەتوانێت هەموو بارمتەکان بە یەکجار ئازاد بکات.

هەروەها مەحموود عەباس، سەرۆکی دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە ئەنجومەنی ناوەندی فەلەستین لە ڕۆژانی ڕابردوودا داوای لە حەماس کرد بارمتەکانی ئیسرائیلی ڕادەست بکات بۆ ئەوەی هیچ بیانوویک نەدرێتە دەستی ئیسرائیل بۆ هێرشکردن.

بەڵام لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەرکەوتنە سەربازییەکانیان لە دژی حەماس باجێکی قورس دەدەن.

ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" نووسیویەتی: "هەزاران سەربازی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە ئازایانە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی تێرۆریستانی حەماس شەڕ دەکەن."

کاتس ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستکەوتەکانی ئەو شەڕە زۆرن، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسییەکانیش زۆرن و تێچوونەکانیش قورسن و داواشی لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئیسرائیلی کرد کە پشتیوانی لە فەرماندە و سەربازەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بکەن.

هەروەها ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سەرەڕای بە بارمتە گرتنی هاووڵاتییان و هێزەکانتان لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ٤٠٠ سەربازی ئەرتەشەکەی کوژراون.