کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس داواکاریی ئیسرائیلی بۆ دانانی چەک ڕەت دەکاتەوە

17:20 - 7 بانەمەڕ 2725

بەرپرسێکی حەماس ڕایگەیاند، ئەو گرووپە ئامادەیە ئاگربەستی چەند ساڵە لەگەڵ ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دابمەزرێنێت، بەڵام ئامادە نییە چەکەکانی خۆی دابنێت.

ئەم وتانە لەحاڵێکدا هاتنە بەر باس کە ڕێبەرانی ئەو گرووپە ئیسلامییە کە لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە بە گرووپێکی "تێرۆریستی" ناسراون، لە قاهیرە بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ ناوبژیوانان کۆ بوونەتەوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕەنگە ئەو گرووپە بە ئاگربەستی پێنج بۆ حەوت ساڵە ڕازی بێت، بە مەرجێک کە شەڕ کۆتایی پێ بێت و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەست پێبکات و فەلەستینییەکانی بەندکراوی ئیسرائیل ئازاد بکرێن و سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن.

تاهیر ئەلنونو، ڕاوێژکاری میدیایی ڕێبەریی حەماس، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: ''بیرۆکەی ئاگربەست و ماوەی ئاگربەستەکە ڕەت ناکەینەوە و ئامادەین لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکەین.'' هەروەها لەسەر پێشوازی لە هەر پێشنیارێکی جیددی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ جەختی کردووەتەوە.

بەڵام ئەلنونو داواکارییەکی سەرەکیی ئیسرائیلی ڕەت کردەوە، ئەویش چەکدانانی حەماس بوو. ناوبراو وتوویەتی: چەکی مقاومەت جێگەی وتووێژ نییە و تا داگیرکاری هەبێت لە دەستی ئێمەدا دەمێنێتەوە.''

شارن هێسکل جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل چەند ڕۆژ لەمەوبەر وتی: "ئەگەر حەماس ئەو ٥٩ بارمتەی ماوەتەوە ئازاد بکات و چەکەکانی دابنێت ئەگەری هەیە سبەی ئەم شەڕە کۆتایی بێت.''

شەڕی ئێستای غەززە دوای هێرشی حەماس کە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ دەستی پێ کرد، هێرشێک کە بووە هۆی کوژرانی ١٢٠٠ کەس و ڕفاندنی ٢٥١ کەس.

لەو کاتەوە بەوتەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە ٥١ هەزار و ٤٠٠ فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون.