
ڕۆژی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤، دوکتور بەیان ساڵحیان، پزیشکی پسپۆڕی هەناو و خەڵکی سەقز و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دادگای سزاکانی ورمێوە بە ٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ١٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بەیان ساڵحیان ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە دادگای سەرەتایی لقی ١١١ی دادگای کەیفەری ٢ی کۆمەڵگەی شەهید بەهەشتیی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی "فەرهاد فەرعمەنش" بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی لە دنیای مەجازیدا" بە ٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو و ١٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە و ئەم سزایە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، وەک خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە.
هەرچەند تۆمەتەکانی دۆسییەی ناوبراو "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی و بە قازانجی دژبەرانی نیزام" بووە بەڵام دادگا سزای دەرکراوی تەنیا لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی لە دنیای مەجازی" دەرکردووە.
ئەم پزیشکە پسپۆڕە پێشتریش دۆسییەیەکی دیکەی لە دادگای ئینقلابی سنە هەبووە. ناوبراو لەم دۆسییەیەدا لە گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە دنیای مەجازی" بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو کە دوایی ئەم سزایە بۆ پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدرا.
هەروەها دوابەدوای ئەم دۆسییەسازییە، بەیان ساڵحییان ساڵی ١٤٠٢ بە هۆی "ڕەتکرانەوە لە گوزینش" لە پێوەندی لەگەڵ کارەکەی ناچار کرابوو لە سنەوە بۆ ورمێ کۆچ بکات بەڵام لە ورمێدا سەرلەنوێ دۆسییەسازیی بۆ کرایەوە.
بەیان ساڵحییان، هاووڵاتیی خەڵكی سەقز لە دەسبەسەرکراوانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.