کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهید و پێشمەرگەیەکی کوردستان لە پیرانشار

10:38 - 8 بانەمەڕ 2725

ڕێکەوتی ٥ی بانەمەر ١٤٠٤، مام خدر ئیبراهیمزادە ئازەر ناسراو بە خدری دەروێش مەحموود باوکی شەهید حەسەن ئیبراهیمیزادە ئازەر بە هۆی نەخۆشییەوە لەتەمەنی ٩٧ ساڵیدا لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

مام خدر لە ڕەوتی خەباتی بەرحەقی گەلەکەمان دژ بە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە یارمەتیدەری تێکۆشەرانی کوردستان بووە و ماڵەکەشی هەمیشە جێگەیەکی جێی متمانە و وەک مەقەڕی پێشمەرگانە بۆ کادر و پێشمەرگانی کوردستان و تایبەت حیزبی دێموکرات بووە.

هەر لەمبارەوە مام خدر لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا دوو کوڕی چەکی شەرەفی پێشمەرگانەیان لە شان کردووە و دژ بە دوژمنانی کورد لە سەنگەری بەرەنگاریدا تێکۆشانیان کردووە.

یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی حەسەن ئیبراهیمزادە ئازەر هاوینی ساڵی ١٣٧٤ پەیوەست بە تێکۆشانی پێشمەرگانە لە حیزبی دێموکراتدا دەبێت و زستانی هەمان ساڵیش لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕژیمەوە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٧٤، لە کەمپی جێژنیکان دەکەوێتە بەر فیشەکی تێرۆری ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی و هاوڕێ لەگەڵ سێ پێشمەرگەی دیکە شەهید دەبن و هەر لە گڵکۆی شەهیدانی حیزب لە جێژنیکان ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی نیشتمان کرا.

دوای شەهیدبوونی شەهید حەسەن ڕێگای تێکۆشان و خەبات بۆ سەربەستی نیشتمان لەم بنەماڵەیەدا جیا لەوەی کز نابێت بەڵکوو بیر و هزری تێکۆشان دەگوازرێتەوە بۆ برایەکی بە ناوی کاک محەممەد ئیبراهیمزادە ئازەر و ناوبراویش دوای خەبات لە سەنگەری شاردا و تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر لە بەربەرەکانێ لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمدا، ساڵی ١٣٩٩ پەیوەست بە سەنگەرەکانی ئاشکرای خەبات لە حیزبی دێمۆکراتدا دەبێت.

مام خدر لە کۆڕی پێشمەرگەکاندا بە دایمە بە چاوی هیوا و ئومێدەوە باسی لە خەباتی پێشمەرگانە و ئازادیی نیشتمان و ڕووخان و نەمانی دوژمنان دەکردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.