
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، پاش ڕۆژێک بێدەنگی لە تەقینەوەی کارەساتباری بەندەری ڕەجایی، لە یەکەمین کاردانەوە سەبارەت بەم تەقینەوەیە، داوای کردووە لێکۆڵینەوە لە سەر ڕووداوەکە بکرێت.
لەکاتێکدا هەواڵ و گرتە ڤیدیۆکانی تەقینەوەی بەندەری ڕەجایی هەموو سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئێران و جیهانیان تەنی، عەلی خامنەیی بە هەڵبژاردنی بێدەنگی و پاش زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر، داوای لە بەرپرسانی ئەمنی و پێوەندیدار کردووە تاکوو لێکۆڵینەوە لە سەر ڕووداوەکە بکەن و خەتاباران دیاری بکرێن.
ئەم قسانەی خامنەیی لەکاتێكدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی دوو سەرچاوەی نیۆیۆرک تایمز و ئاسۆشەیتێدرێس، هۆکاری تەقینەوەکە مادەەی سووتەمەنیی بۆ مووشەکەکانی سپای پاسداران بووە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە دوورگەی دایشانی چینەوە بە دوو بارهەڵگری سەر بە سپا بە ناوەکانی "جەیران" و "گوڵبۆن" هەناردەی ئەم بەنەدەرە کراوە.
نیۆیۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری پێوەندیدار لەگەڵ سپای پاسداراندا ڕایگەیاندووە کە هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەکە، کەمتەرخەمی لە کاتی گواستنەوەی ماددەی سۆدیۆم پێر کۆلۆرات بووە کە ماددەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەکەکانی سپای پاسدارانە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی پاش تەقینەوەکە ڕایگەیاندبوو کە هیچ کانتینێرێک لە بەندەرەکە کەرەستە و ماددەی سەربازیی تێدا نەبووە.
هەرچەند کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا هیچ هۆکارێکیان بۆ ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە بەڵام نوێنەرێکی مەجلیس لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی "ڕۆکنا" تەقینەوەکەی بە بابەتیكی گوماناوی و ئەگەری دەستێوەردانی ئیسرائیل زانیوە.
محەممەد سێراج، نوێنەری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم، لەم پێوەندییەدا بە ڕۆکنای وت: "تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی بە ڕێکەوت نەبووە و نیشانەکانی دەستێوەردانی ئیسرائیل لەم ڕووداوەدا دەبیندرێت".
سێراج زیادی کردووە، "کاتێ لە چوار شوێنی جیاوازدا تەقینەوە ڕوو ئەدات بەو مانایە کە پێشتر تەقەمەنی لەم کانتینێرانەدا جێگیر کراوە".
نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، تەقینەویەکی بەهێز لە بەندەری ڕەجایی بەندەرعەباس ڕووی دا کە بووە هۆی کوژران و بێسەروشوێنبوونی دەیان کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسی دیکە.
ئاگری تەقینەوەکە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر لە ڕوودانی هێشتا بەردەوامە و هەزاران کانتینێری دیکەیشی گرتووەتە بەر.