کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل کۆگایەکی مووشەکیی حیزبوڵڵای لە بەیرووت کردە ئامانج

11:57 - 8 بانەمەڕ 2725

کاناڵی ١١ی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، باڵاخانەیەک لە گەڕەکی زاحیە کراوەتە ئامانج، کە شوێنی ئەمبارکردنی مووشەکەکانی زەوی بۆ دەریای حیزبوڵڵا بووە.

شەوی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر باڵەخانەیەک لە ناوچەی حەدەس لە گەڕەکی زاحیەی باشووری بەیرووت و دووکەڵێکی زۆر لە باڵەخانەیە بەرز بووە، بەڵام تا ئێستا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە ڕێژەی خەسار و زیانەکان بڵاو نەبووەتەوە.

پێشتریش ئەرتەشی ئیسرائیل هۆشداری چۆڵکردنی بەشێک لە ناوچەی زاحیەی لە باشووری بەیرووت دەرکردبوو.

میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، ئەو بینایەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر، شوێنی ڕێوڕەسمی ماتەمینی حیزبوڵڵای لوبنان بووە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هاتووە، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر ژێرخانێک ئەنجام داوە کە مووشەکە خاڵ پێکەکانی حیزبوڵڵای تێدا هەڵگیراون و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل بوون.''

لەو بەیاننامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە: ''ئیسرائیل ڕێگە بە حیزبوڵڵا نادات ‌هێز بگرێت و لە هەر شوێنێکی لوبنان مەترسی بۆ سەر ئێمە دروست بکات. گەڕەکی زاحیەی بەیرووت نابێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ڕێکخراوی تێرۆریستی حیزبوڵڵا.''

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕوو بە حکوومەتی لوبنان وتراوە، حکوومەتی لوبنان ڕاستەوخۆ لە ڕێگریکردن لەو هەڕەشانە بەرپرسیارە، ئیسرائیلیش لە گەیشتن بە ئامانجی ئەو شەڕە سوورە، واتا گەڕانەوەی دانیشتووانی باکوور بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.