
شەوی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە و لە هەڕەشەیەکدا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، خوازیاری کۆتاییهێنان بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بوو.
بێنیامین نێتانیاهوو هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە وتارێکدا وتی: "تەنیا یەک ڕێککەوتن بەسوودە ئەویش ڕێککەوتنێکە کە هەموو ژێرخان و بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ بکاتەوە، هاوشێوەی ڕێكکەوتنێک کە ساڵی ٢٠٠٣ لە نێوان لیبی و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامە ناوکییەکانی ئەم وڵاتە هاتە ئاراوە".
پێشتر بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە بە هیچ شێوەیەک ڕێكکەوتنێکی هاوشێوەی لیبی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ ناکەن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و بەرپرسی تیمی وتووێژی کۆماری ئیسلامی، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نێتانیاهوو بە خەونیش نایبینێت کە تاران ڕێگە بدات کە بەرنامە ناوکییەکانی هاوشێوەی لیبی کۆ بکرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە شەوی ڕابردوو بۆ جارێکی دیکە ڕێگەنەدانی بە تاران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی دووپات کردەوە وتی: "هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت بە شێوەیەک بێت کە بەربەست بخاتە پێش گەشەی بەرنامە مووشەکییەکانی تاران و ئەویش هاوشێوەی بەرنامە ناوکییەکان ڕابگرێت".
نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە ڕوونی ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات تاران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی.
پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندبوو کە ترامپ پێشی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تا پاش کۆتاییهاتن بە وتووێژەکان گرتووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو بە ئاماژەدان بە بەرەوپێشچوونی وتووێژەکان، جەختی لە سەر ئەوە کردبووەوە کە پێی وایە لە کۆتاییدا بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێک دەکەون و چارەسەری کێشەی بەرنامە ناوکییەکانی تاران دەکەن.