
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ''سێنتکام'' ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''لە سەرەتای دەستپێکردنی عەمەلیاتی ''ڕاف ڕایدێر''، سێنتکام زیاتر لە ٨٠٠ پێگەی نیزامیی حوسییەکانی کردووەتە ئامانج.''
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەو عەمەلیاتانە زیاتر بە بۆردومانی ئاسمانی ئەنجام دراون، سەدان میلیشیای حوسی و ژمارەیەک لە فەرماندەکان لەوانە بەرپرسانی باڵای مووشەکی و دڕۆنەکانی ئەو گرووپە کوژراون".
سێنتکام زیادی کردووە، ئەو دامەزراوانەی کە کرانە ئامانج بریتی بوون لە چەکی پێشکەوتووی وەک مووشەکی بالستیک، مووشەکی کرووزی دژە کەشتی، سیستمی دڕۆنی کە لە هێرشە تێرۆریستییەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکار دەهێنران.
سێنتکام لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، لە حاڵێکدا کە حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ئێمە درێژە دەدا، عەمەلیاتەکانی ئێمە بووەتە هۆی دابەزین و کارامەیی هێرشی حوسییەکان. هاویشتی مووشەکەکانی بالستیک ٦٩ لەسەد دابەزیوە و هێرشە دڕۆنییەکانیش ٥٥ لەسەد دابەزیوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە، لە ١٥ی مارسەوە، هێرشی بەربڵاو و بەردەوام بۆ کردنە ئامانجی میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن و بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی و دانانی بەرگێڕەوە دەستی پێ کردووە.
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''ڕێژیمی ئێران هەروا درێژە بە پشتیوانی لە حوسییەکان دەدات، بەپێی پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران حوسییەکان ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئێمە. ئێمە گوشارەکان درێژە پێ دەدەین هەتا بە ئامانجی خۆمان بگەین.