
خاکیپۆشی دەبێتە یۆنیفۆرمی سەربازیی کورد لە ڕۆژهەڵات
رێباز مەریوانی
نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازیی بەرچاوی لەگەل نەورۆزەکانی ڕابردوودا هەبوو و وادیار دەرەنجامەکانی ئەو مانۆرە مەدەنییە ببێتە ژێرخان و بنەمای هندێک ئەرک و ڕاسپاردە لە بزوتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.
خاڵە گرنگ و جێی باسەکان بریتین لە:
ــ نەورۆزی خاکیپۆشان بەرهەم و پێشنیاری ڕێخستنەکانی نێوخۆ بوو کە بە هۆی درێژکردنەوەی مۆڵەتی ڕێورەسمەکان بۆ مانگێک، توانییان سەربەخۆ ئەندازیاریی هەموو ڕێورەسمەکان لە ماکۆوە هەتا لورسانات بکەن. نەورۆزی خاکیپۆشان گەرچی تەواو مەدەنی بوو بەڵام بە هۆی هەستیاریی ڕژیم بەو ڕەنگ و هێماگەلە بە داخەوە بە دەیان کەس دەستبەسەر و بە سەدان کەس بانگهێشتر ناوەندە سەرکوتکەرەکان کران. شایانی باسە هەر لە سەرەتاوە ڕژیم ڕەنگی خاکی قەدەغەن کرد و هۆشداریی دایە پارچەفرۆش و جلوبەرگدوورەکان.
ــ نەورۆزی خاکیپۆشان لە ڕاستییدا گشتپرسی و ڕێفراندۆمێک بوو بۆ جیاکردنەوەی دانیشتووانی هەرێمی زاگرۆس لە گەل ناوەند و نەتەوەی باڵادەست. کاتێک شوناسخوازی بیرۆکە و هێماسازی ڕەسەن و خۆماڵی لە پشت بێت بێگومان دەبێتە مایەی هیواداریی و دڵ پێخۆش کردن بۆ هەنگاوی گەورەتر واتە نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی.
ــ دەرکەوتنی ژنان بە ڕێژەی زیاتر لە پیاوان و لە هەمووی گرنگتر بە جلوبەرگی خاکی و هەوری و جامانەوە نیشانەی هاودەنگ بوون و هاورێ بوونی ژنی کوردە لە گەل بزوتنەوەی نەتەوەیی ــ دیموکراتیکی کوردستان. ژنی کورد نیشانی دا لە بزوتنەوەی ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە پێشترەوەیە و هەروەها بێجگە لە داواکاری مافی ڕەوای ئینسانی خۆیان خەمی خاک و وڵاتییان لە مێشک دایە و بە کردەوە ئەو ڕاستییەیان سەلماند.
ــ بەشداری هەموو ناوچە کوردنشینەکانی هەرێمی زاگرۆس، خوراسان، تاران و،،، سەلماندی کە بزوتنەوەی کوردستان ڕۆژبەرۆژ لە گەشەدایە و هزر و بیرە دیموکراتیکەکانی کورد تیشکدانەوەی لە سەر هەموو کوردێک هەبووە و تەنانەت هەموو گەشتیارە غەیرە کوردەکان هەم جلوبەرگی کوردییان دەپۆشی و هەم بە شانازییەوە بەشداری ڕێورەسمەکانی کوردستانیان دەکرد.
سەرەنجامی باس: نەورۆزی خاکیپۆشان مەترسی ڕاستەقینەی بۆ دەسەڵات درووست کرد هەر بۆیە لە ژێر ناوی هەشتسەد ڕۆشنبیری ناوەندنشیندا هەراسنامەیەک بڵاو کرایەوە. بە گشتی نەورۆزی ئیمساڵ بۆ ئێمەی کورد دەتوانێ خوێندنەوەی زیاتری بەدواوە بێت. کاتێک هۆشیاری و ڕۆشنبیری نەتەوەیی لە ئاستی جەماوەرییدا بەو ئاستە گەیشتبێ پێویستە بزوتنەوەی سیاسی و ئەلیتی کوردستان لە بیری ڕێخستن و بەسیستماتیکردنی ئەو جەماوەرە بەرینەدا بن بۆ کار و ئەکی گەورەتر لە داهاتوودا. یەکێ لە هۆکارەکانی پێشوازی جەماوەر لە نەورۆزی خاکیپۆشان ئەوە بوو کە لە ناوخۆدا ڕێخستن و ئەندازیاری چالاکییەکان دەکرا و بزوتنەوەی کوردی پێویستە لەوەبەدوا زۆربەی ئەرک و ڕاسپێراوەکان بە خەڵک بسپێرێ. لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کە ڕەنگی خاکی تەنیا ڕەنگێکی ئاسایی نیە بەڵکوو پەند و قسەگەلی نەستەقی وەک "خەڵکی و خاکی " و "وەک خاک ئاسایی و پاک " نیشانەی مەزنی ئەو ڕەنگەیە، هەڵبژاردنی جلوبەرگی خاکی دەقاودەق دەگەرێتەوە بۆ ئەو خوێندنەوە مێژووییانە لە ڕەنگی خاکی هەر بۆیە جەماوەری کوردستان پێشوازییان لەو ڕەنگە کرد و بزوتنەوەی کوردیش پێویستە لەوەدوا وەکوو یۆنیفۆرمی سپای کوردستان باسەکە ورووژێنێت.