
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، موعین عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت و لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژینا کە بینایی چاوێکی خۆی لەدەست داوە؛ لەژێر گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زێدەکەی خۆی بەجێ هێشت. ناوبراو لە کاتی برینداربوونیدا تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە و شایەتحاڵی برینداربوونی چەندین کچ و کوڕی هاوتەمەنی خۆی بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە موعین عەبدوڵڵاهی، تەمەن ۱۸ ساڵ و خەڵکی سەردەشت بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئێرانی بەجێ هێشتووە.
موعین عەبدوڵڵاهی، کە لەم دواییانەدا خۆی گەیاندووەتە وڵاتی بەریتانیا سەبارەت بە دوایین بارودۆخی تەندروستیی خۆی لە وتووێژێک لەگەڵ هەنگاودا ڕایگەیاندووە کە، بینایی چاوێکی بەتەواوی لەدەست داوە و چاوەکەی دیکەشی زیانی بەر کەوتووە.
موعین عەبدوڵڵاهی ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانانی ١٤٠١ هاوکات لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوەی ژینا و لەکاتێکدا کە تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە لە یەکێک لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی شاری سەردەشت لە سێڕێیانی "شێخ مەولانا" چاوی بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکان لە مەودایەکی نزیکەوە بە سەختی بریندار کرا.
بە وتەی ئەو مێرمنداڵە، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ئەو ڕۆژە بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی شاتگان، گوللـەی ساچمەیی، باتۆم و سپرەی بیبەر بە چڕی هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا نە تەنیا بۆخۆی لە بەشی هەر دوو چاویدا بریندار بووە بەڵکوو بە شێوەی ڕاستەوخۆ توندوتیژیی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کچان و ناڕازییانی دیکەی بە دەستی هێزەکانی رێژیم بینیوە.
بە وتەی ناوبراو پاش برینداربوونی، لە لایەن چەندین هاووڵاتییەوە بەشێوەی کاتی لە خانوویەکدا لەژێر چاودێریدا بووە و برینەکانی شۆردراونەتەوە، بەڵام ڕەوتی چارەسەریی پزیشکی و گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەردەشت و پاشان تەورێز بەهۆی گوشارە ئەمنییەکان لەگەڵ کێشەی زۆردا ڕووبەڕوو بووەتەوە.
ئەو مێرمنداڵە بریندارەی بزووتنەوەی ژینا پاش ناسینەوەی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە چەندین جار بانگ کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە و لە ئاکامدا ئێرانی بەجێ هێشتووە.