
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاشتیی نێونەتەوەیی ستۆکهۆڵم ناسراو بە "سیپری"، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە تێچووەکانی جیهان بۆ کاروباری نیزامی لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا گەیشتووەتە ٢ ترلیۆن و ٧٢٠ میلیارد دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، ئەم تێچووە بە بەراورد لەەگەڵ ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی نزیک بە ١٠٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە کە ئەمە زیاترین بەرزبوونەوەی ساڵانە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ساردە.
سیپری لەم ڕاپۆرتەدا هێناویەتی کە گرژییە جیۆپلۆتیکییەکانی جیهان لەم ساڵەدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تێچووە سەربازییەکان لە پتر لە سەد وڵات و هەروەها زیادیشی کردووە کە ئەم بەرزبوونەوەیە لە ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چاو شوێنەکانی دیکە خێرایەکی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە.
بە گوێرەی داتاکانی سیپری، تێچووە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٥.٧٪ بەرزتر بووەتەوە و گەیشتووەتە ٩٩٧ میلیارد دۆلار کە ٦٦ لە سەدی تێچووەکانی ناتۆ و ٣٧ لە سەدی تێچووەکانی هەموو جیهانی گرتووەتە بەر.
هەروەها تێچووەکانی ڕووسیە کە سەرقاڵی شەڕکردن لەگەڵ ئۆکراین بووە لەم ساڵەدا بە بەرزبوونەوەیەکی ٣٨ لە سەدی لە چاو ساڵی ٢٠٢٣، گەیشتووەتە ١٤٩ میلیارد دۆلار.
تێچووەکانی ئۆکراینیش لەم ساڵەدا بە تێپەڕکردنی ٦٤ میلیارد دۆلار، بەرزبوونەوەیەکی ٢.٩ لەسەدیی بە خۆیەوە بینیوە.
سیپری لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئۆکراین لە ئێستادا هەموو داهاتی باجەکانی خۆی بۆ ئەرتەش و کاروباری سەربازی تەرخان کردووە.
ڕێکخراوی لێكۆڵینەوەی ئاشتیی نێونەتەوەیی ستۆکهۆڵم لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە تێچووە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ٢٤٣ میلیارد دۆلار و نزیک بە ١٥٪ لە چاو ساڵی ڕابردووی بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
لەم نێوانەدا ئیسرائیل بە ٦٥٪ بەرزبوونەوە، تێچووە سەربازییەکانی گەیشتووەتە ٤٦ میلیارد و پێنسەد میلیۆن دۆلار کە ئەمە زیاترین تێچووی ساڵانەی ئەم وڵاتە پاش شەڕی ناسراو بە شەڕی شەش ڕۆژە لەگەڵ لوبنان لە ساڵی ١٩٦٧ی زایینییە.
ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئەم وڵاتە لە شەڕێکی بەربڵاو لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە تاران تێوە گلاوە کە هێشتا بەردەوامە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تێچووە سەربازییەکانی ئێران لەم ساڵەدا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و قەیرانی ئابوورییەوە دابەزینی دە لەسەدیی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی ناتوانێت بە دروستی تێچووە سەربازییەکانی تاران بێنێتە ئەژمار.
نەبوونی بەرچاوڕوونییەک لە هەموو بوودجەکانی هێزە سەربازییەکانی ئێران و پشکی جۆراوجۆری ئەم هێزانە بەتایبەتی سپای پاسداران لە فرۆشی نەوت، کانگا و سەرچاوە داهاتییەکانی دیکەی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی کە سیپری و ڕێکخراوگەلی دیکە لەم چەشنە نەتوانن بە دروستی تێچووە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵبسەنگێنن.
ئەم دامەزراوانە زیاتر لە سەر بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەک گەڵاڵەبوودجەی ساڵانەی دەوڵەتەکان بۆ داتاکانیان کەڵک وەردەگرن.