
ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕی ۱۴۰۴ی هەتاوی، کاکە عەبدوڵڵا کوورش ناسراو بە ''عەوڵا تازەقەڵایی'' دانیشتووی شاری پیرانشار لە تەمەنی ۷۵ ساڵیدا کۆچی داویی کرد.
کاک عەبدوڵڵا لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران کە ئەو کات لە شارەدێی گردکشانەی دووکانی دەبێ، وەک کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ناوچەی لاجان ئەرکە پیرۆزەکانی حیزبی بەجێ گەیاندووە.
بەشێک لە پێداویستیەکانی وەک دەرمان، بەرگ و پیڵاو، خواردن و زانیاری لە شاری نەغەدە و پیرانشار و ناوچەکانی دەورووبەری بۆ هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە دابین کردووە.
هەر لەو ڕاستایەدا لە بەهاری ۱۳۶۲دا لە سێڕای جەڵدیان، شنۆ بۆ نەغەدە کە ئەو کات خاڵی پشکنینی سپای پاسدارانی نەغەدەی لێ دەبێت کاک عەبدوڵڵا کە بەشێک لەو پێداویستییانەی حیزبی دێموکراتی لە ماشیندا پێ دەبێ، لەلایان پاسدارەکانەوە دەکەوێتە بەر دەسڕێژ و بە سەختی بریندار دەبێت، لەو کاتەوە هەتا دوایین ساتەکانی تەمەنی کەمئەندام بوو.
بەڵام سەڕەرای ئەو هەموو دەرد و ئازارە وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری لاجان و پیرانشار سەربەرزانە بۆ خزمەتی زیاتر بە حیزب و گەلەکەی هەوڵی دەدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.