
ڕافایل گروسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی، کە لە کۆبونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسە بەشداری کرد، سەبارەت بە گرینگیی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هۆشداری دا.
گروسی وتوویەتی: "پرسی چەند مانگ و ساڵێک نییە، ڕەنگە تەنیا چەند حەفتەیەک بێت، پێش ئەوەی جیهان بەڕاستی بتوانێت شتێک بکات و لە هەمووی گرینگتر ڕێگری لە پەرەگرتنی دەرگیریی نیزامیی زیاتر بکات ".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە: هەر ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا پێویستی بە ڕەزامەندیی ئاژانس هەیە، لە ئەگەری ئەوەدا بەڵگەنامەیەکی بێ بەها دەبێت.
گروسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەرەگرتنی بەرنامەی ناوکیی ئێرانی بە پرسێکی جیددی وەسف کرد و دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئەمریکای بە گرینگ ناو برد ئاماژەی بەوەش کردووە، لە نزیکەوە و چالاکانە لەگەڵ هەردوو لایەن لە پەیوەندیدام و لە پێبەندبوونی ئەوان دڵگەرمم.
هەروەها ژان نویل بارۆ وەزیری دەرەوە فەرانسەش هۆشداری دا، ئەگەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتانی ئورووپایی نەگونجێت، ئەوا سێ وڵاتی ئورووپایی بە چالاککردنی "مێکانیزمی ماشە" دەستبەجێ سەرجەم گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران چالاک دەکەن.