
دڵزار عابدی:
هونەر ئەو ئەکتەیە کە ڕاستەوخۆ لە خولقاندنی جیهانێکی ئیدەئاڵ بۆ هەرمانکردنی خۆی و مرۆڤایەتی هەنگاو دەنێت و لە بەراوەردکاری و دادوەری و لێکدانەوەدا ئەم هەنگاو و ئەکتە واتا پەیدا دەکات
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: هونەر و مۆسیقا بەشێکە لە شوناسی هەر نەتەوەیەک کە هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆکی لەمێژینەی گەلێکە کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵیان ژیاوە، و تەنانەت دەتوانێ وەکوو ئاوێنەیەک یا تابلۆیەک بێت بۆ ناساندنی میللەتێک بە میللەتانی دونیا. لە درێژەی ئەم وتووێژەدا بۆ باسی زیاتر لەسەر هونەر و مۆسیقای کوردستان و کاریگەری مۆسیقای کوردی لەسەر مۆسیقای وڵاتانی دونیا و ڕۆڵی مۆسیقا و گۆرانی لە پاراستنی "شوناسی نەتەوەیی" و... داوامان لە بەڕێز کاک دڵزار عابدی، کارناس مۆسیقا کردووە تا پێکەوە تیشکی زیاتر بخەینە سەر ئەم بابەتە.
دڵزار عابدی
کاک دڵزار سپاس بۆ بەشداریتان لەم وتووێژەدا سەرەتا پێمخۆشە بەم پرسیارە بچینە ناو باسەکەمان کە، دەڵێن: "بۆ ناسینی میللەتێک گوێ لەگۆرانییەکانیان بگرە"، ڕوانین و بۆچوونی بەڕێزتان بۆ ئەم وتەیە چییە؟ چی لە ئاواز و گۆرانییەکاندا بوونی هەیە کە دەتوانێ کارنامەیەک بێ بۆ ناسینی میللەتێک؟
ئەم بیرکردنەوەیە تا ڕادەیەک دروستە و تا ڕادەیەک نادروست، لەو ڕووەوە کە زمان، ئایین، کولتوور، دابونەریتەکان و عەقڵی سەلیم لەسەر مۆسیقا شوێندانەرن و دەتوانین تا ڕادەیک بە گوێ گرتن بۆ مۆسیقای هەر نەتەوەیەک ناسینێکی سەرەتایی لەو نەتەوەیە پەیدا بکەین. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە بە شێوەیەکی مۆتڵەق نییە. چوون مۆسیقا هەموو بەشەکانی بیرکردنەوە و ژیانی ئەو نەتەوەیە ناگوازێتەوە. بەتایبەت مۆسیقای بێ وشە کە لە جەوهەری خۆیدا هونەرێکی ئەبستراکتە و هەڵگری پەیامێکی ڕاشکاو و ڕوون نییە بەڵکوو بەپێی بیرکردنەوەی تاکەکان دەتوانێت پەیامی شاراوەی میوزیکەکە بگۆڕێت. هەروەها سیاسەت، ئابووری، ڕەوتە زاڵەکان دەتوانن ئاراستەی ڕاستەقینەی میوزیکی وڵاتێک بگۆڕن و نەهێڵن ناسینێکی ڕاستەقینە لەو نەتەوەیە پەیدا بکەین. بابەتەکە ساکار نییە، بەڵکوو هەڵگری چەندین ڕەهەندی جۆراوجۆرە. بەتایبەت لە سەردەمی ئێستادا کە تاکتەوەری هەم لە ئاستی هونەرمەندان و هەم لە ئاستی خەڵکدا ڕەوتیکی زاڵە، هونەر زۆرتر گێڕانەوەیەکی ئیندیویدواڵ و تاک گەرایە تا گێڕانەوەیەکی گشتی و نەتەوەیی. ڕەنگە بکرێت بە خوێندنەوە بۆ ئۆپێراکانی واگنەر و بێرلیوز بتوانین ڕەگەکانی پێکهاتنی چینی مام ناوەند و چینی کاپیتال لە ئورووپای سەدەی نۆزدە بدۆزینەوە، یان بە گوێ گرتن لە بەیتێکی "خلە دەرزی"کۆمەڵگەی کۆنی کوردستان باشتر بناسین بەڵام بە گوێ گرتن لە میوزیکی ئێستای کوردی ناتوانین بە ئەنجامێکی ڕوون و لۆژیکاڵ بگەین. خوێندنەوەی کۆمەڵناسانە بۆ میوزیک بە شێوەیەکی ڕێژەییە و تا ڕادەیەک دەتوانێت ڕاست بێت.
بە بڕوای بەڕێزتان ئەو تازە لاوانەی کە ئێستا هاتوونەتە نێو دونیای هونەر، چۆن دەتوانن هەڵگری پاشناوی "هونەرمەند" بن؟
تا ئێستا لە هیچ جێگەیەک تایتڵی "هونەرمەند"م لە خۆم نەداوە. پێم وایە ئەوە بابەتێکە خۆم نابێت دادوەری بکەم. پێم وایە کەسێک دەتوانێت دەیان ساڵ ئاوازدانەر، ژەنیار، گۆرانیبێژ، مامۆستای میوزیک و تاد بێت، بەڵام هونەرمەند نەبێت. هونەرمەند بوون بەبڕوای من ئاستێکی گەلێک بەرزترە لەوانەی ناوم لێ برد. لە باشترین حاڵەتدا پێناسەی "کانت"ی لە هونەر- "بلیمەت بوون بۆ ئافراندن و زەوق بۆ دادوەری- بووەتە بناغەیەک بۆ پێناسەکردنی هونەرمەند لە دونیای ئەمڕۆدا". هەر لەسەر ئەم بنەمایە هەر ئاوازدانەر و ژەنیار و گۆرانیبێژێک تایتڵی بۆ خۆی هەڵدەگرێت. بەڵام بە بڕوای من بیرکردنەوەی "کانت" لە پێناسەکردنی هونەردا تا ڕادەیەک کرچ و کاڵە. ئەگەرچی ئافراندنی هونەر پێویستی بە بلیمەت بوون هەیە و لە دادوەریدا ئەمە دەردەکەوێت، بەڵام دیسان لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە کە ئەم بلیمەتە دەبێت چی بخولقێنێ کە پێی بوترێت هونەرمەند؟ چی هونەرە؟ لە ڕوانگەی کانت دا هەر بابەتێک کە زۆرتر لە سروشت نزیک بێتەوە. بەڵام لێرەدا هەر بابەتێکی ناتورالیستی دەچێتە زومڕەی ناهونەر. جۆرێک لە بەرتەسک کردنەوەی دونیای هونەر. بەبۆچوونی من "نێلسۆن گودمەن" تا ڕادەیک پێناسەیەکی باشتری هەیە و دەڵێت: "هونەر ئەوەیە ڕاستەوخۆ لە ئافراندنی دونیادا ڕۆڵی هەبێت و لە ئاکامدا دونیایەکی نوێ بخولقێنێ". ناتەواوی بۆچوونەکەی گودمەن لەوە دایە کە بەدڵنیایی هەر دونیایەکی نوێ غایەت و ویستی مرۆڤانەی مرۆڤ نییە. بەڵکوو خولقاندنی دونیایەکی ئیدەئاڵە. کە ئەمە تا ڕادەیەک ئەوەیە کە "هێگل" باسی دەکات.
ئەدی ڕوانگەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
ڕوانگەی خۆم تێکەڵێکە لە هێگل، گودمەن، ئارتوور دانتۆ و شیلێر؛ من پێم وایە هونەر ئەو ئەکتەیە کە ڕاستەوخۆ لە خولقاندنی جیهانێکی ئیدەئاڵ بۆ هەرمانکردنی خۆی و مرۆڤایەتی هەنگاو دەنێت و لە بەراوەردکاری و دادوەری و لێکدانەوەدا ئەم هەنگاو و ئەکتە واتا پەیدا دەکات. وەک خۆم بەپێی ئەو پێناسەیە چەند سەرکەتوو بووبێتم دەبێت کەسانی دیکە دادوەری بکەن.
کاریگەری مۆسیقای کوردی لەسەر مۆسیقای وڵاتانی دونیا چۆن دەبینن؟
بەگشتی مۆسیقای کوردی لە قۆناغی لاوازی خۆیدایە. بە هۆی بێدەوڵەتی کورد و نەبوونی ستراتیژی کولتووری دروست، ئێمە نەمانتوانیوە ڕۆڵێکی باش لە میوزیکی جیهاندا بگێڕین. لە ئێستادا لە قۆناغێکین دەبێت بۆ مانەوە بجەنگین. واتا لە قۆناغێکی هەستیاری مێژوویی داین. مۆسیقای کوردی بووەتە پاشکۆی مۆسیقای تورکی و فارسی، بە گەورە و بچووکەوە کاریگەری تورکی و فارسی لەسەرە. لە بەرامبەری ئەم هێژمۆنەدا تا ڕادەیەک بێ هەڵوێستین. پێم وایە ئێستا خاڵێکی مەترسیداری میوزیکی کوردییە و ڕوو لە هەڵدێری نەمان دەچێت. میوزیکی کوردی هەزاران ساڵە توانیویەتی خۆی بپارێزێ و بەردەوام گەشەیەکی سروشتی بکات. ئەم توانستە بووەتە هۆی بێخەمبوونی ئێمە بە نیسبەت ئەم میوزیکە. چوون پێمان وایە مادام هەزاران ساڵ خۆی پاراستووە، ئێستاش دەتوانێت. ئەوە لەبەرچاو ناگرین کە هەزار ساڵ پێش ئێستا تەوژمی کولتووری بە شێوەی ئەمڕۆ نەبوو. بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک پڕۆژەگەلی ئاسمیلاسیۆن و تەوژمی کولتووری لە ئارادا نەبوو. میوزیکی کوردی لە بەرامبەر ئەم مەترسییانە پارێزراو نەکراوە.
پێتان وایە کە ڕێگە چارە چییە لە بەرانبەر ئەم مەترسییانەی کە ئەمڕۆ بەرەو ڕووی مۆسیقای کوردی بوونەتەوە؟
پێموایە پێویستی بە پاراستنە، ئەم پارێزراو کردنەش پێش هەموو شتێک پێویستی بە خەمخۆرییەکی گشتی لە ئاستی بەرزی دەسەڵات تا تاک بە تاکی کورد و هونەرمەندان و میدیاکاران هەیە. کە بتوانین پڕۆژەیی و ئامانجدار سیستەمی بەرگری و پارێزمەندی ئەم میوزیکە دابین بکەین.
پێتان وایە هونەرمەندانی کورد توانیویانە هونەر وەک چەکێک بۆ بەرگری لە شوناسخوازی و هەروەها وەک ئامرازێک بۆ گەشەی بیری نەتەوەیی بەکار بێنن؟
لە هەندێک قۆناغدا و بە شێوەیەکی پەرتەوازە (نەک گشتگیر) ئەم بابەتە تا ڕادەیەک ڕووی داوە. بەڵام نە بە مەدرەسە کراوە، نەک لەلایەن خودی ئەو هونەرمەندانەوە درێژە دراوە، نە بناغەیەکی تیۆریکی هەبووە. زۆرتر پەرچەکردارێک بووە بە دۆخێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی کە هونەرمەند تێیدا ژیاوە و بە گۆڕینی ئەم دۆخە جۆر و شێوازی کاری ئەویش گۆڕدراوە. دیارە ئەمە بابەتێکی چاوەڕوان کراوە، بەڵام هونەرمەندی خاوەن بیر پێویستە هەنگاوێک یان چەند هەنگاو لە پێش کۆمەڵگەی خۆی بێت، نەک پاشکۆ بێت. ئەمە بەو واتایە نییە کە پێویستە ئاوانگارد یان پۆست مۆدێڕن بێت. بەداخەوە چوون ئێمەی کورد بنەمای فەلسەفیمان زۆرتر چەپییە، زۆربەی کات پێشڕەوبوون بە ئاوانگاردبوون و پۆست مۆدێڕن بوون لێک دەدەینەوە. لە حاڵێکدا من پێموایە لە ئێستادا هونەرمەندی پێشڕەو لە کوردستان ئەو کەسەیە کە بتوانێت لە داڕشتنی بنەمای تیۆریک و پڕاکتیک بۆ ساماندانی ڕەوتی سەرەکی مۆسیقای کوردی بە شێوەیەکی نەتەوەیی، هەنگاو بنێت. ئەمە کارێکە کە دەبێت بکرێت بەڵام ناکرێت.
مۆسیقا و گۆرانی چەندە توانیویەتی لە پاراستنی "شوناسی نەتەوەیی" ڕۆڵ بگێڕێت؟
پێوەندی بە ئەوەوە هەیە کە ئێمە شوناس بەچی پێناسە دەکەین. ئەگەر وەک ئێتنیکێک شوناسێکی کولتووری هەڵبگرێت بە دڵنیایی مۆسیقای کوردی لە پاراستنی ئەو شوناسەدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە. بەڵام ئەگەر کورد وەک نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو پێناسە بکەین کە شوناسی ئەو بە خاکەوە گرێدراوە، مۆسیقای کوردی نەیتوانیوە لە دروستکردنی مرۆڤی خاکتەوەر و نەتەوەیی بە ڕادەی پێویست ڕۆڵ بگێڕێت. ڕەنگە ئەمە تۆزێک ڕادیکاڵ بنوێنێت و خوێنەر بەپێچەوانەی ئەمە دەیان سروودی نیشتمانی بیر بێتەوە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی و لە دیدێکی دوورتر و مەزنتردا سەیری لانیکەم سەد ساڵی ڕابردووی کورد بکەین دەبینین لایەنی میوزیکی "نەتەوەیی" کەمترین پشکی بەردەکەوێت و میوزیکی بازاڕی زۆرترین بەشی ئەم کەیکەی داگیرکردووە. جا بۆیە پێموایە میوزیکی کوردی بە شێوەی مێژوویی بەتایبەت لە سەردەمی کەونار تا پێش لە داگیرکرانی کوردستان لە پاراستنی زمان و چیرۆک و دابونەریت و تاد ڕۆڵێکی مەزن و بەرچاوی گێڕاوە، بەڵام پاش داگیرکرانی کوردستان تووشی هەڵدێرێکی جیددی بووەتەوە. هەوڵی تاک و ترا و پەرتەوازە بۆ ساخکردنەوەی میوزیکی کوردی بە ئاراستەیەکی دروست دا دراوە، بەڵام بە هەزار هۆکار ئامانجەکەیان نەپێکاوە.
یەکێک لەو مەترسییانەی کە ئەمڕۆە ڕووبەڕووی مۆسیقای کوردستان بووەتەوە، بە تاڵانبردن و دزینی مێلۆدییە کوردییەکانە لەلایەن داگیرکەرانەوە، وەکوو ئاوازی "ای ایران"، "حەریرحەریرە" و تەواوی ئەو مەقامانەی کە لەلایەن تورکەکانەوە دزراون و دەیان ئاوازی دیکە کە لە ئەسڵدا مێلۆدییەکانی کوردییە، پێتان وایە چۆن دەتوانین بەگژی ئەم تاڵانکارییانەدا بچینەوە و بیانهێنییەوە باوەشی مۆسیقای کوردستان؟
گرنگە بابەتەکە قووڵتر سەیر بکەین، داگیرکەران خەزێنەی کولتووری ئێمە بە سەرمایەی خۆیان دەزانن. لێرەدا کوردستان تەنیا لە بواری سەرمایە مادییەکان بە کۆلۆنی نەکراوە، بەڵکوو لە بواری کولتووریش کۆلۆنایز کراوە. نە تەنیا میلۆدییەکان بگرە ئامێرەکان، ڕیتمەکان، مەقامەکانیشمان لەلایەن داگیرکەرانی ئێرانی، تورکی و عەرەبی بە تاڵان براون. هەرچەند سەد مەخابن کوردگەلی بێگانەپەرەست و نەیارشەیدا لەم تاڵانکارییەدا ڕۆڵی سەرەکییان گیڕاوە. بۆ نموونە: "کامکارەکان" بوون کە ڕیتمە خانقاییەکانیان و ئامێری دەفیان پێشکەشی داگیرکەری ئێرانی کرد. "ڕیتم" بنیادی میلۆدییە. لەسەر هەر ڕیتمێک بە دەیان و هەزاران میلۆدی تازە دادەنرێت. ئەوان نەتەنیا میلۆدی بەڵکوو ڕیتمە کوردییەکانیان برد بۆ ئێرانییەکان. کامکارەکان خوێنێکی تازەبوون بۆ میوزیکی فارسی. ئەمە تەنیا کامکارەکان ناگرێتەوە بەڵکوو "ئیبراهیم تاتلیسیش" لە تورکیادا ڕۆڵی بەتاڵانبردنی میلۆدییەکان و فۆڕمە ئاوازییەکانی لەئەستۆ بوو. ئەم تاڵانکارییە تا بەرزنەبوونەوەی ئاگایی گشتی و پێکنەهێنانی دەوڵەتی کوردی و بنیادنەنانی ئەکادیمیای کوردستانی، درێژەی دەبێت. بەڵام هەوڵە تاکەکەسییەکان و پڕۆژەگەلی بەسود بۆ میوزیکی کوردی دەتوانێ خێرایی ئەم تاڵانکاریییە خاو بکاتەوە یان ئەوەی ببنە بەربەستی جیددی. گەڕاندنەوەی میراسی کولتووری پێویستی بە کاری ئەکادمیک و بنخانی هەیە. لەگەڵیدا بەرزکردنەوەی ئاگایی گشتی و پێشکەش کردنەوەی ئەم فۆڕم و میلۆدی و ئامێر و ڕیتمانە بە شیوازیکی ئاستبەرزتر و ناوەڕۆکێکی کوردانە. هەموو ئەمانەش پێویستی بە خەمخۆری گشتی و بە ئاگابوونی ڕێبەرایەتی سیاسی و میدیاکان و هەوڵ و ماندووبوونی جیددی هونەرمەندان و کۆک بوونی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە.
کاک دڵزار سپاس بۆ ئەوەیکە هەتا ئێستا لەگەڵمان بووی و ماندووش نەبیت
زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە و جەنابیشتان ماندوو نەبنەوە.