
شاڕوخ حەسەنزادە
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی پێنج حیزبی خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٣ی ڕەشەممەی ئەمساڵدا، وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوێکی دێموکراتیکی پڕبایەخ بوو بۆ یەکخستنی گوتار و خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. ئەم یەکیەتییە کە هەڵقوڵاوی ئیرادەی جەماوەر و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری قۆناغی هەستیاری تێپەڕینە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، هێزێکی ڕەسەن، زیندوو و خاوەن ئیرادەیە و وەک هەمیشە پێشەنگە لە تێکۆشان دژی هەموو فۆرم و شێوازەکانی ستەم و دیکتاتۆریەت.
ئەوەی لەم نێوەندەدا خاڵێکی یەکجار گرنگ و دەستکەوتێکی مێژوویی و بێوێنە بوو، ئەو شەپۆلە بەربڵاوە لە پشتیوانی و هاودەنگییە بوو کە دەستبەجێ دوای بەیاننامەکەی هێزەکانی هاوپەیمانیی کوردستان، لەلایەن نەتەوەکانی دیکەی ئێرانەوە، بەتایبەت تورک، عەرەب، بەلووچ و گیلەکەکانەوە بە شێوەیەکی فراوان نیشان درا. ئەم پشتیوانییە یەکگرتووە لە کورد لە بەرانبەر هێرشەکانی "ڕەزا پەهلەوی"، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە هەڕەشەکانی پەهلەوی و بیرکردنەوە شۆڤێنیستییەکەی، تەنیا ڕوو لە کورد نییە، بەڵکوو شمشێرێکە ڕوو لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکات کە خوازیاری مافی نەتەوایەتی و دێموکراتیکی خۆیانن.
ئەم هاوهەڵوێستییە مەزنە پەیامێکی ڕوون بوو کە کۆتایی بە قۆرخکاریی گوتاری ناوەند هێنا و نیشانی دا کە باوەڕمەند نەبوون بە ڕێژیم و سیستەمی پاشایەتی و ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، خاڵی هاوبەشی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەی ئێرانە؛ لێرەشەوە جێگەی خۆیەتی وەک دەستکەوتێکی مەزن و هەنگاوێکی هیوابەخش، دەستخۆشی لە سەرجەم ئازادیخوازانی ئێران و نەتەوە بندەستەکان بکرێت.
بەڵام ئەوەی لە پەراوێزی ئەم پێشهاتە گرنگەدا جێگەی هەڵوێستە و تێڕامانە، کاردانەوەی بەپەلە، شڵەژاو و هێرشبەرانەی ڕەزا پەهلەوی بەرانبەر بەم هەنگاوە دێموکراتیکە بوو؛ هەنگاوێک کە لەسەر ئاستی نێوخۆی ئێران، ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش پێشوازییەکی مەزن و بەربڵاوی لێ کرا. ئەم کاردانەوە نابەرپرسانەیە، زۆر زوو پەردەی لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینەی عەقڵییەتی ڕەوتە ناوەندگەرا و توندئاژۆکان لادا و بە ڕوونی نیشانی دایەوە کە لە هزری ئەواندا، هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان دیکتاتۆرییەتی لەناوچووی ڕابردوو و ستەمکاریی ئایینیی ئێستادا بوونی نییە و هەردووکیان لە یەک سەرچاوەی دەستەڵاتخوازییەوە ئاو دەخۆنەوە.
خوێندنەوەیەکی بابەتیانە و زانستی بۆ مێژووی سەردەم پێمان دەڵێت کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، لە بۆشاییەوە دەستی پێ نەکرد و ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکوو ڕاپەڕینێکی وشیارانە و ئاگاهانە بوو دژی دەیان ساڵ خەفەقانی سیاسی، سڕینەوەی فرەچەشنی و سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیمی پەهلەوی دەرحەق بە نەتەوەکانی نیشتەجێی جوغرافیای ئێران. ئەو تێڕوانینە شۆڤێنیستییەی کە لەژێر دروشمی فاشستییانەی "یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا" لەلایەن باوک و باپیری ناوبراوەوە بە زەبری هێزی نیزامی، دەزگا ئەمنییەکانی وەک ساواک بەسەر نەتەوەکانی ئەم جوغرافیایەدا سەپێنرا، نەک هەر نەبووە هۆی یەکگرتوویی و نەیتوانی شوناسی گەلان بسڕێتەوە، بەڵکوو تۆوی لێکترازان، هەڵاواردنی سیستماتیک و برینێکی قووڵی خولقاند، کە کۆماری ئیسلامییش هەتا ئەمڕۆ لەسەر هەمان ڕێچکە و خولگە ناسۆرتری دەکاتەوە.
ئەدەبیاتی ئەمڕۆی ڕەزا پەهلەوی دەری دەخات کە ناوبراو نەک هەر ئامادە نییە بچووکترین ڕەخنە لە تاوانەکانی بنەماڵەکەی دژی ناسنامەی نەتەوە پەراوێزخراوەکان، پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ، ٥٣ ساڵ دیکتاتۆری، چەوساندنەوە، گرتن، کوشتن و شاربەدەرکردنی باوانی بگرێت، بەڵکوو وێدەچێ لای خۆیەوە هێشتا خەون بە گەڕانەوە بۆ هەمان پێکهاتەی ناشیاو، نادێموکراتیک و پۆلیسییەوە دەبینێت.
هەڕەشە، هێرش، بەکارهێنانی دەستەواژەی سواو و تۆمەتبارکردنی بێبنەمای ئەو حیزبانەی کە دەیان ساڵە بە خوێنی پاکی ڕۆڵەکانیان قەڵغانی پاراستنی شکۆی مرۆڤن لە بەرانبەر زوڵمدا و فوو لە خۆڵەمێشی دێموکراسی دەکەن هەتا بگەشێتەوە، ڕێک کۆپیکردنەوەی هەمان ئەو ئەدەبیات و پڕوپاگەندە ژەهراوییەیە کە کۆماری ئیسلامی ٤٧ ساڵە بۆ چەواشەکاری بەکاری دەهێنێت. ڕاستییە تاڵەکە بۆ باڵادەستخوازان ئەوەیە؛ چ لە چوارچێوەی "ویلایەتی فەقیهـ"دا بن و چ لەژێر پەردەی "ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ و پاشایەتی"دا، ئەم جۆرە گوتارانە تەنیا پاساوێکن بۆ ڕەوایدان بە سەرکوت، لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و نکوڵیکردن لە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک و تورکمان.
کەسێک کە لە بەرانبەر پێشکەشکردنی نەخشەڕێگایەکی دێموکراتیک و مەدەنی بۆ چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی، هێڵی سوور دەکێشێتەوە و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشت بە هێزە ئەمنی و سەرکوتکەرەکان دەبەستێت بۆ کپکردنی داواکارییە ڕەواکان، کەمترین شەرعییەتی ئەخلاقی و سیاسیی هەیە بۆ ئەوەی باس لە ئازادی و دێموکراسی بکات. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە دەیسەلمێنێت کە ڕەوتی ناوەندگەرا، مانەوەی خۆی تەنیا لە دروستکردنی دوژمنی خەیاڵی، قەیرانخولقاندن و ترساندنی کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە؛ ڕێبازێک کە مێژوو زۆر لەمێژە مۆری شکستی و بەسەرچوونی لێداوە.
پێویستە هەمووان بەتایبەت ڕەوتە ناوەندگەراکان ئەو ڕاستییە بزانن کە؛ دێموکراسی کاڵایەک نییە لە ناوەندەوە و بە دەستی ڕەوتێکی باڵادەستەوە وەک "سەدەقە" و خێر بەسەر نەتەوەکاندا دابەش بکرێت. دێموکراسیی ڕاستەقینە گرێدراوی ئیرادەی ئازاد، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسە. مسۆگەرکردنی پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە و سەقامگیر لە جوگرافیای ئێراندا، تەنیا و تەنیا بە دەروازەی دادپەروەری، کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی، سەلماندنی مافە بنەڕەتییەکان و چەسپاندنی سیستەمێکی لامەرکەزیدا تێدەپەڕێت، نەک بە هەڕەشە، زمانی هێز و سووکایەتیکردن.
حیزبە کوردستانییەکان، بە ئەزموونێکی درێژ، مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و تێگەیشتنێکی قووڵەوە بۆ هاوکێشەکان، بە بڕیارەوە ڕایدەگەیەنن؛ ئێرانی داهاتوو لەبەردەم تەنیا دوو ڕێگادایە؛ یان لەسەر بنەمای سیستەمێکی لامەرکەزی، سێکۆلار، داننان بە مافە نەتەوایەتییەکان و یەکیەتییەکی ئارەزوومەندانە بنیاد دەنرێتەوە کە تێیدا هەمووان خۆیان بە خاوەنی بزانن، یان ئەگەر بڕیار بێت لە ئاگری کینە و پێداگری لەسەر ناوەندگەرایی و شۆڤێنیزمدا بمێنێتەوە، بێگومان و بەدڵنیاییەوە مەحکوومە بە هەڵوەشانەوە، لێکترازان و داڕمانی یەکجاری.
ئەو ئەدەبیاتە نزم و هەڕەشانەی ئەم دواییە، نەک هەر خەباتی گەلی کوردی سارد نەکردەوە، بەڵکوو ماهییەتی ڕاستەقینەی بانگەشەکارانی درۆینی دێموکراسیی ئاشکرا کرد و خزمەتێکی گەورەی بە وشیاربوونەوەی زیاتری گەلان کرد. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد و حیزبە پێشەنگەکانی، کە ڕەگیان لە ناخی کۆمەڵگە و ئیرادەی پۆڵاینی جەماوەردایە هەرگیز بەو هەڕەشانەی کە بۆنی خەفەقان، خوێن و دیکتاتۆریەتیان لێ دێت، پاشەکشە ناکەن. ئێمە بە شێلگیری، یەکڕیزی و باوەڕبەخۆبوونەوە لەسەر ڕێگای خەباتی ڕەوای خۆمان بەردەوام دەبین هەتا ئەو ڕۆژەی تەواوی مافە نەتەوایەتییەکانمان مسۆگەر دەکەین و سیستەمێکی دێموکراتیک و سێکۆلار لەسەر بنەمای بەهاکانی مافی مرۆڤ، لەپێناو داهاتوویەکی ڕووناک بۆ هەمووان، جێگیر دەبێت.