کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بەندەر و ناوەندە ئابوورییەکانی ناوچەکە

00:23 - 21 رەشەمه 2725

بەدوای ئاگادارکردنەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی هاووڵاتییان لە بەندەرەکانی ئێران، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەمریکا بەندەرەکانی ئێران بکاتە ئامانج، ئەوا تەواوی بەندەر و ناوەندە ئابوورییەکانی ناوچەکە دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان.

 سێنتکام ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران بەندەرە مەدەنییەکانی گەرووی هۆرمۆز بۆ مەبەستی سەربازی بەکار دەهێنێت و داوای لە خەڵک کردبوو دەستبەجێ لەو شوێنانە دوور بکەونەوە کە هێزی دەریایی ئێرانی لێیە.

بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، هێزە دەریاییەکانی ئێران کەشتی و کەرەستە سەربازییەکانیان لە نێو بەندەرە بازرگانییەکاندا حەشار داوە.

لە بەرامبەردا، ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەو زانیارییانەی ڕەت کردەوە کە باس لە خۆحەشاردانی کەشتییەکانی سپای پاسداران لە بەندەرە ئابوورییەکاندا دەکەن و جەختی لەسەر هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ناوچەکە کردەوە.