هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە ئێران و ترسی ڕێژیم لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاپۆرتەکان باس لە گواستنەوەی کەرەستەی قورسی سەربازی و جێگیرکردنی هێز لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، لەوانە مەهاباد دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرت و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاروانێکی کەرەستەی قورسی سەربازییان بۆ شاری مەهاباد گواستووەتەوە.
لەو ڤیدیۆیانە دەردەکەوێت کە کاروانێکی نیزامی بە هێز و کەرەستەی نیزامی لەوانە دوو تانک لە ڕێگای میاندواو بەرەو مەهاباد لەڕێگەدانە.
هاوکات سەرچاوە نێوخۆییەکان هەواڵی ڕەوانەکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە زرێپۆشەکانی ئەرتەشیان لە تەورێزەوە بەرەو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕاگەیاندووە.
جموجۆڵ و گواستنەوەی هێز و کەرەستەی قورس بۆ کوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرخەری ترسی ڕێژیم لەو حیزبانە و پێگەی کۆمەڵایەتییان لە کوردستانە.