فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە هاووڵاتییانی مەدەنی کرد لەو بەندەرە مەدەنییانەی دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز دوور بکەونەوە کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بۆ چالاکیی سەربازی بەکار دەهێنرێن.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، بەکارهێنانی دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی دەتوانێت گیانی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە.
سێنتکام هۆشداریدا کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەو بەندەرە مەدەنییانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، ڕەنگە پێگەی پارێزراوی خۆیان لەدەست بدەن و ببنە ئامانجی سەربازیی ڕەوا.
سێنتکام داوای لە هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئێران کرد دەستبەجێ لەو دامەزراوە بەندەرییانە دوور بکەونەوە کە هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی چالاکییان تێدا دەکەن.
هەروەها داوا لە کرێکارانی بەندەرەکان، کارمەندانی ئیداری و ستافی کەشتییە بازرگانییەکان کرا کە لە کەشتی و کەرەستە سەربازییەکان دوور بکەونەوە.
لەو بەیاننامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێک لە کەشتی و کەرەستە سەربازییەکانی خۆیان لە بەندەرە مەدەنییەکاندا جێگیر کردووە کە دەتوانێت ئەمنییەتی هاووڵاتییانی مەدەنی و چالاکییە بازرگانییەکان ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە.