لە ئەنجامی زیادبوونی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، سەرۆککۆماری ئۆکراین ڕایگەیاند کە کیێڤ گروپێک لە پسپۆڕانی بواری دڕۆنی بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی سیستمە بەرگرییەکان و پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی، ڕەوانەی ناوچەی کەنداو کردووە.
ڤێلادیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" وتی کە ئەزموونی ئۆکراین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە دڕۆنییەکانی ڕووسیە دەتوانێت بۆ زیادکردنی ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداو بەسوود بێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە ئەزموونێکی بەرفراوان لە دەستنیشانکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی دڕۆنە هێرشبەرەکان بەدەست بهێنێت.
بە وتەی سەرۆککۆماری ئۆکراین، بەبێ ئەزموونی ئێمە دروستکردنی سیستمێکی بەرگریی کاریگەر لە ناوچەی کەنداو، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانمان کارێکی دژوار دەبێت.
هەروەها ناوبراو هەوڵی سپای پاسدارانی بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا ناوبرد و هۆشداری دا کە هێشتا ڕوون نییە ئەم دۆخە تا کەی بەردەوام دەبێت.
لە کاتێکدا وردەکاریی هاوکارییەکانی ئۆکراین لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ڕانەگەیەندراوە، بەرپرسانی کیێڤ پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئامادەن تێکنۆلۆژی و ئەزموونی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دڕۆنەکانی ئێران بخەنە بەردەستی هاوپەیمانە ناوچەیی و ڕۆژئاواییەکان.