
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۹ی بانەمەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی کاک ئەحمەد حوسێنی کوڕی شەهید سەیدڕەشید حوسێنی لەدایکبووی ساڵی ۱۳٥۲ لە ئاوایی بۆڕیەر لە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک ئەحمەد حوسێنی ساڵی ۱۳٦۷ پێوەندیی بە حیزبەوە کرد و وەک ئەندامێکی چالاک دەستی بە تێکۆشان کرد.
کاک ئەحمەد ساڵی ۱۳٦۹ یەکەم ڕۆژژمێری بە زمانی کوردی بە وێنەی پێشەوا قازی محەممەد لە چاپخانەی گۆران لە شاری سنە چاپ و بڵاو کردەوە، هەر بەو هۆیەوە لەگەڵ حەسەن گۆران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەیەک لە زیندان مایەوە.
کاک ئەحمەد یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لەگەڵ مامۆستا شەریف حوسێنپناهی بە شێوەی خۆبەخش منداڵانی شاری سنەیان فێری خوێندن و نووسینی کوردی دەکرد.
کاک ئەحمەد بە نووسین هاوکاریی گۆڤاری " دەق " لە شاری سنەی دەکرد و لە بواری تەشکیلاتی ئەندامێکی دڵسۆز و هەڵسووڕ بوو.
لە سەردەمی خەباتی چەکداری لە ساڵەکانی دەیەی ٦۰ دا، یارمەتیدەرێکی چالاکی هێزی زاگرۆس بوو. باوکی کاک ئەحمەد بە ناوی شەهید ڕەشید حوسێنی سەرەتای شۆڕش لە هێزی زرێباری مەریوان بوو بە پێشمەرگە و لە سەرماوەزی ساڵی ۱۳٥۹ لە شارەدێی دزڵی لە شەڕ لەگەڵ دوژمن شەهید بوو.
کاک ئەحمەد بە هۆی ئەوەی کەسێکی دیار بوو لەلایەن ڕێژیمەوە لە ژێر چاوەدێریدا بوو و بۆ واژۆکردن بەردەوام بانگی ئیتلاعات دەکرا.
تەرمی کاک ئەحمەد حوسێنی لە گۆڕستانی بۆڕیەر لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی بۆڕیەر و ئاواییەکانی دەوروبەر بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.