کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گەمارۆی نوێی خستە سەر چەند کەس و دامەزراوەی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران

11:28 - 10 بانەمەڕ 2725

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی دارایی دەرەکیی وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، شەش دامەزراوە و شەش کەس لە ئێران و چینی بەهۆی بەڕێوەبردنی تۆڕی دابینکردنی پارچە و کەرەستەی پێویست بۆ سووتەمەنی مووشەکی بالستیکی سپای پاسداران خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی بەیاننامەی ئەم دامەزراوە ئەمریکاییە، ئەو تۆڕە لە دابینکردن و گواستنەوەی ماددەکانی وەک " پێرکلۆرات سۆدیۆم " و "دی ئۆکتیل سباکات" لە چینەوە بۆ ئێران ڕۆڵی هەبووە. ئەو کەرەستانەی کە لە ئامادەکردنی سووتەمەنی بۆ مۆتۆڕی مووشەکی بالستیکی ئێران بەکار دەهێنرێن.

لەنێو ئەو کەس و شیرکەتە سزادراوانەدا، ناوی شیرکەتی ئێرانیی "سامان تەجارەت بارمان" لەگەڵ بەڕێوەبەر و هاوبەشەکانی و هەروەها چەند شیرکەتی چینی لەنێویاندا "شێنژن ئامۆر لۆجستیک" دەبینرێت.

بەپێی گەمارۆ نوێیەکان، سەرجەم سەروەت و سامانی ئەو کەس و لایەنانە بلۆکە کراوە و هەرچەشنە پێوەندیی دارایی لەگەڵیان لە نێوخۆ یان لە ڕێگەی ئەمریکاوە بەبێ مۆڵەتی تایبەت قەدەغە دەکرێت.

ئەم هەوڵانە لەلایەن ئەمریکاوە بەپێی فەرمانی ئیجرایی ١٣٣٨٢ ئەنجام دراون کە تاک و لایەنەکانی بەشدار لە بڵاوکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ دەکاتە ئامانج.

ئەم گەمارۆیانە لە حاڵێکدان کە دانوستانە ناوکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە، بە وتەی بەرپرسێکی ئێرانی، بەرنامەی مووشەکیی ئێران وەک "گەورەترین کێشە" دەمێنێتەوە.