
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا زیاتر لە ٧٢ هەزار حاڵەتی مردن و بێسەروشوێنبوون لە ڕێگاکانی کۆچکردن لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ساڵی ڕابردوو مەرگهێنەرترین ساڵی کۆچبەران بووە، کە لانیکەم هەشت هەزار و ٩٣٨ حاڵەتی گیانلەدەستدانی کۆچبەرانی تێدا تۆمار کراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێگای دەریای ناوەڕاست وەک کوشندەترین ڕێگای کۆچکردن لە جیهاندا دەمێنێتەوە و لە ماوەی دە ساڵدا نزیکەی ٢٥ هەزار کەس لە دەریادا گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها لەو ماوەیەدا زیاتر لە پێنج هەزار ئەفغانستانی گیانیان لەدەست داوە. شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ڕەنگە ئامارە ڕاستەقینەکە بەهۆی کەمیی داتا لە ناوچەکانی شەڕ و قەیرانەکان زۆر زیاتر بێت.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەم قوربانییانە ئەو کەسانەن کە لە نائەمنی و شەڕ و کارەسات و قەیرانە مرۆییەکان هەڵدێن. لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٥٢ هەزار کەس لە کاتی هەڵاتنیان لە ٤٠ وڵاتی تووشبوو بەو قەیرانانە گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە "لیبی، ئێران و میانمار" وەک وڵاتانێک کە ڕووبەڕووی قۆناغەکانی قەیرانی توندوتیژ بوونەتەوە، کردووە.
هەروەها هاتووە کە لە ئێراندا، سەرکوتکردنی توندی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی ناڕەزایەتییەکان بووەتە هۆی شەپۆلی کۆچی هاووڵاتییان و بە پێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە لە ٩ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، باس لە بەردەوامیی سەرکوتی بەربڵاو لە ئێراندا دەکات.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بۆ دروستکردنی دەرفەت و سەقامگیری لە کۆمەڵگاکاندا و هەروەها دروستکردنی ڕێڕەوی کۆچبەری ئەمن و یاسایی داوای وەبەرهێنانی جیهانی دەکات.