
ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، وەنێکی خزمەتگوازاریی قوتابخانە لە ورمێ ئاگری گرت و بەهۆیەوە ١٠ قوتابیی کچ تووشی سووتان بوون.
بە وتەی بەرپرسی فریاکەوتنی ورمێ، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو وەنێکی خزمەتگوزارییەکانی قوتابخانە ئاگرێ تێ بەر دەبێت و بەو هۆیەوە ١٠ قوتابیی کچ و شۆفێری وەنەکە تووشی سووتان بوونە.
بەپێی زانیارییەکانی فریاکەوتنی ورمێ، برینی چوار کەس لە قوتابییەکان قووڵ نەبووە و چەند کاتژمێر پاش ڕووداوەکە لە نەخۆشخانە نێردراونەتەوە.
بەرپرسی فریاکەوتنی ورمێ زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو شەش قوتابییەی دیکە و شۆفێرەکە نەخستووەتە ڕوو.
ڕووداوی دڵتەزێن و کارەساتبار بۆ قوتابییان و خوێندکاران لە ئێران بابەتێکی نوێ نییە و نەبوونی چاوەدێریی و کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم بووەتە هۆی دووپاتبوونەوەی ئەم چەشنە ڕووداوگەلە.
تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و خزمەتگوزارییەکان، سەرەکیترین هۆکاری ڕووداو بۆ قوتابییەکان لە ئێرانە کە لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت و گیانی منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە.
قەیرانی کۆنبوونی قوتابخانەکان بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان زەقتر لە ناوچەکانی دیکەیە و ساڵانە بەم هۆیەوە قوتابییان دەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.
ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی قوتابخانە لە کوردستان، ئاگر لە قوتابخانەی گوندی شیناوێی سەر بە شاری پیرانشار کەوتەوە کە بووە هۆی سووتانی نزیک بە سی قوتابیی کچ کە تاکوو ئێستاش برینەکانیان ساڕێژ نەبوونەتەوە.
نموونەی ئاگرتێبەربوون و ڕووخانی قوتابخانە بە سەر قوتابییان لە ئێران، بەتایبەتی لە کوردستان و بەلووچستان زۆرە.
بوودجەی تەرخانکراوی ڕیژیم بۆ کاروباری پەروەردە لە ئاستێکدایە کە تاکوو ئێستاش لە زۆربەی شارەکان، بەتایبەتی ناوچەکانی دوور لە ناوەندی ئێران، پارە لە خێرخوازان وەردەگیرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان یان دروستکردنی قوتابخانە لەو شوێنانەی کە تاکوو ئێستا قوتابخانەیان بۆ دابین نەکراوە.
دۆخی کارەساتباری خوێندن لە ئێران لەکاتێکدایە کە خوێندن لە دۆخێکی هێور و ئەمندا یەکێک لە بنەما مافی مرۆییەکانە و هەموو منداڵێک لە جیهاندا دەبێت ئەم دەرفەتە و خزمەتگوزارییە پێوەندیدارەکانی بۆ دابین بکرێت.
ڕووخانی قوتابخانەکان، ئاگرگرتن بەهۆی کۆنبوونی سیستمی گەرمکەرەوە، هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان بەتایبەتی قوتابییانی کچ و هەروەها ناکارەمەیی و نەبوونی چاوەدێری بە سەر خزمەتگوزارییەکانی پێوەندیدارەوە وەک گواستنەوەی منداڵان، تەنیا بەشێک لە کێشەکانی خوێندن لە ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدان.