
سەید عیسا سۆهرابی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی لوڕستان، ڕایگەیاند ٣٠٪ قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە ستاندارد نین. بەشێک لە پۆلەکان دیواری بەردی ناپارێزراویان هەیە، بەشێک لە قوتابخانەکان نیوەتەواون و ڕێژەی قوتابییانی هەندێک لە پۆلەکان لە ٣٥ کەس زیاترە و لە هەندێک جێگادا دیواری کانێکسەکان بوون بە شوێنی خوێندن و فێربوونی منداڵانی ئەو پارێزگایە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ڕووبەری پەروەردەیی سەرتاسەری لە پارێزگای لوڕستان ٥.٥٩ مەتری چوارگۆشەیە؛ هەرچەندە ئەم ژمارەیە کەمێک زیاتر لە تێکڕای گشتییە کە ٥.٤٥ مەتری چوارگۆشەیە، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانی مەترسیدار لە ژێرخانی پەروەردەدا بکات.
لەم پێوەندییەدا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی لوڕستان ڕایگەیاندووە کە ڕێکاری پێوەندیدار بە چارەسەری ئەم کێشەیەمان لەبەرچاو گرتووە و لە دابینکردن و جێگیرکردنی کانێکسی ١٠ کەسیەوە دەست پێ دەکەین.
لە هەنگاوەکانی دواترماندا قوتابخانە وێرانەکان و پرۆژە تەواونەکراوەکان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی ڕێژەی زۆری قوتابییانەوە ناتوانێ ببێتە شوێنێک بۆ فێربوونی قوتابییان لە لیستی کارەکانمان دادەنێین و چارەسەری دەکەین.
ناوبراو ئیدعای ئەوەی کردووە کە ٣٣٥ پرۆژەی پەرەپێدانی پەروەردەیی بۆ دامەزراندنی دادپەروەری پەروەردەیی لەبەر دەستدایە و بوودجەی ئەم پڕۆژانە ٢ هەزار و ٨٠٠ میلیارد تمەن مەزەندە دەکرێت کە بەشێکی لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت و بەشێکیش لەلایەن خەڵک و دامەزراوەکانییەوە دابین دەکرێت.
سۆهرابی ڕایگەیاند کە جۆرێکی نوێی بیناسازی قوتابخانە هەیە کە تێیدا خێزانەکان و مامۆستایان و شۆرای گوند و ناوچەکە و تەنانەت خودی قوتابییانیش خۆیان لە پرۆسەی بیناسازی و چاککردن و کاروباری داراییەکەیدا چالاکانە بەشدار دەبن.
بۆ نموونە لە بەشی پەروەردەی ناوچەی ١ی خوڕماوا زیاتر لە ٤٠٠ مامۆستا خۆبەخشانە بەشێک لە مووچەکانیان - لە ١٠٠ هەزارەوە بۆ ٥٠٠ هەزار تمەنیان - بۆ پێشخستنی ئەم پرۆژانە تەرخان کردووە، و لە ناوچەیەکی بچووکدا بەشداریی گشتی گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠٪.
جێگای ئاماژەیە کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە ڕێگەی قسەگەلی بریقدار دەیانهەوێ لە هەستی خەڵک کەڵک وەربگرن و بەشێکی زۆری پرۆژەی بیناسازی قوتابخانەکان بخەنە ئەستۆی خەڵک.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە دابینکردنی شوێنگەلی وەک قوتابخانە و شوێنی گشتی و بردنەسەری ئاستی خۆشبژێوی خەڵک کاری خودی خەڵک نییە و نابێ بوودجەی پێوەندیدار بەو کارانە لە گیرفانی خەڵک بدرێت.