کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتس: هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل هیچکات ڕەنگی ڕاستی بەخۆیەوە ناگرێت

13:03 - 10 بانەمەڕ 2725

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، لە وتارێکدا بەبۆنەی "یادی سەربازانی کوژراوی ئەرتەش"، بۆ جارێکی دیکە باسی لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل کرد.

یێسرائیل کاتس بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی تاران بۆ هەموو ناوچەکە وتی: "ئێران خوازیاری لەنێوبردنی ئێمەیە بەڵام ئێمە ڕێگەی پێ نادەین کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات".

کاتس لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکانی ١٥ی ڕەزبەر و دواتری ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئیسرائیل لە غەززە، گەیشتن بە سەرکەوتنێکی یەکجارییە و زیادیشی کرد کە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆی دەرخستن کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هەموو بەرەکاندا بە ئامادەییەوە بوونی هەبێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پێوەندیی لەگەڵ هەڕەشەکانی تاران بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە ئیسرائیل لەسەر بەرگریکردن لە خۆی پێداگرە و هیچکات ڕێگە نادات کە هەڕەشەکان بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل ڕەنگی ڕاستی بەخۆیەوە ببینێت.

کاتس و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئیسرائیل لە پاش ڕووداوەکانی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢، بە دەیان جار ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێویەک ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادەن کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، تەنانەت ئەگەر پێویستیش بێت هێرشێکی بەرفراوان دەکەنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی تاران.

سیاسەتوانان و دەوڵەتی ئیسرائیل، لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە ئێستادا باشترین دەرفەت بۆ لەنێوبردنی بەرنامە ناوکییەکانی تاران هاتووەتە ئاراوە و بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەم دەرفەتە لەنێو بچێت.

بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد و تێکشکاندنی حیزبوڵڵا و حەماس، لە لاوازترین دۆخی خۆیاندان و دەبێت لەم لاوازییە بە هەموو شێوەیەک کەڵک وەربگیرێت.

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی هەرەشەی کردووە کە لە ئەگەری وەها هێرشێک، شەڕێکی گەورە دروست دەکات کە ئاگرەکەی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.

ئەمریکا و ئورووپا لەسەر ئەو بڕوایەن کە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوکییەکانی تاران، وتووێژکردن و ڕێککەوتنێکە کە تاران ناچار بە لابردنی بەرنامەکانی بۆ پیتاندنی ئورانیۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکات.