
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، کاک عوسمان قادری، تێکۆشەر و ئەندامی ناسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.
کاک عوسمان کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەکه بوو که له ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا کە تەنگیسەر بنکەی کۆمیتە ناوچەی ژاوەرۆ و ناوەندی ئاژوانی لێ بوو، پێوەندیی تەشکیلاتیی بە حیزبەوە گرت و بە فەرمی بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و یارمەتیدەرێکی باشی هێزی پێشمەرگە بوو.
کاک عوسمان بە هۆی چالاکی و تێکۆشانی دژ بە ڕێژیم لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویدا وێڕای ١٨ تێکۆشەری دیکە دەسبەسەر کرا و لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە سنە و کامێران ئازار و ئەشکەنجەی زۆر درا.
کاک عوسمان قادری سەرەڕای گوشاری زۆری ڕێژیم و دارودەستەکانی، هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.
کچێکی ناوبراو بە ناوی خاتوو فاتمە قادری، زیاتر لە ٣٥ ساڵە کە لە ڕیزی ئەندامانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتدا خزمەت بە نیشتمانەکەی دەکات.
تەرمی کاک عوسمان قادری، هەمان ڕۆژ لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دەوروبەری بە خاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.