
بەداخەوە شەوی ١٥ی خاکەلێوە، کاک ئازاد شافعی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری سلێمانی بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ئازاد ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناو و نیشتمانپەروەری مەهاباد لە دایک بووە و بە هۆی ئەوەی چەند کەس لە بنەماڵەکەی لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون هەر لە تەمەنی لاوەتییەوە هۆگری حیزبی دێموکرات دەبێ و وەک ئەندامێکی حیزب، خۆشەویستیی حیزب لە بیر و باوەریدا چەکەرە دەکا. ناوبراو لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی پەرتەوازەی باشووری کوردستان دەبێ و لە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە کۆمیتەی حیزب لە سلێمانی کار و تێکۆشانی دەست پێ دەکا.
کاک ئازاد بە هۆی بیر و باوەڕ و خۆشەویستی بۆ تەشکیلاتی حیزبەکەی دەبێتە یەکێک لە ئەندامە چالاک و هەڵسووڕ و ماندوونەناسەکانی تەشکیلاتی ئاشکرا و بەهۆی چالاکی و تێگەیشتوویی لە حیزبەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٨وە وەک ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە سلێمانی هەڵدەبژێردرێ و لە بەرپرسایەتی وەک ئەندامی کۆمیتە کەسێکی هەڵسووڕ و ماندوونەناس و بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو دەبێ.
ناوبراو بە هۆی توانا و هەڵسووڕانی لە کاری کۆمیتە، سەرەنجام وەک بەرپرسی کۆمیتەی سلیمانی هەڵدەبژێردرێ.
دوای یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات کاک ئازاد وەک جێگری بەرپرسی کۆمیتە دیاری دەکرێ و بەحەق لەم بەرپرسایەتییەدا دڵسۆزانە و خەمخۆرانە بۆ یەکیەتی و تەبایی ئەندامانی حیزب لەو دەڤەرە و لە کۆمیتەی سلێمانی نەخشی بەرچاو دەگێڕێ.
لە کۆنفرانسەکانی کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری ئەندامان بۆ کۆنگرەی یەکگرتنەوە، لە کۆمیتەی سلێمانی لەبەر کاری بوون و تواناکانی وەک نوێنەری ئەندامانی سلێمانی بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێردرێ و دواییش لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی سلێمانی بە ئەندامی کۆمیتە و دوایی وەک بەرپرسی کۆمیتەی سلێمانی کە یەکێک لە کۆمیتە گەورەکانی تەشکیلاتی ئاشکرایە هەڵدەبژێردرێ.
ناوبرا وەک بەرپرسی کۆمیتە نەخشی بەرچاوی لە یەکیەتی و یەکگرتوویی ئەندامان لە کۆمیتەی سلێمانی هەبوو.
کاک ئازاد کەسێکی هەڵسووڕ و ماندوونەناس بوو و لە کاری تەشکیلاتی و بەرپرسایەتی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەڵسوکەوتی دەکرد. وەک بەرپرسێکی لێزان و تێگەیشتوو هەڵسوکەوتی دەکرد.
خاکی و خەڵکی بوون و سووربوون لە کاروباری حیزبی و تێکەڵاوی لەگەڵ ئەندامان، ناوبراوی لە لای هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی خۆشەویست کردبوو.
بەداخەوە چەند ساڵێک بوو تووشی نەخۆشی دڵ و گورچیلە ببوو، بەڵام نەخۆشی کاریگەریی لەسەر هەڵسووڕان و چالاکبوونی نەکردبوو.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەکانی لە شەوی ١٥ی خاکەلێوە بە یەکجاری ماڵاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد و تەشکیلاتی ئاشکرا یەکێک لە ئەندام و بەرپرسە خەمخۆرەکانی لەدەست دا.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.