
ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، دایە ئامینێ مەحموودی خەڵكی گوندی ئەڵمانەی مەریوان و دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
کوڕێکی دایە ئامینێ بە ناوی مەجید عەزیزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە. ناوبراو ساڵی ١٣٣٦ لە مەریوان لە دایک بووە و لە ساڵی ٧٣ی هەتاویدا بە هۆی تەقینەوەی مین شەهید بووە.
دایە ئامینێ دایكێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر و شێرەژنێكی بەوەج و دلۆڤان بوو كە هەتا دوایین ساتەكانی ژیان وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە.
دایە ئامینێ جەگە كە شەهید مەجید عەزیزی دوو ڕۆڵەی دیكەی لە بۆمبارانی شاری مەریواندا لەدەست دابوو و بنەماڵەکەیان هەمیشە لەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامیدا بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.