
ڕۆژی هەینی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاک حەسەن مەلازادە، پێشمەرگەی پێشووی حیزب و کەسایەتیی خۆشەویست و ڕێزداری ناوچەی مەهاباد و مەحاڵ، دانیشتووی ئاوایی باجەوەند، کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو ساڵەکانی ٥٧ هەتا ٦٥ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا لە ڕێکخراوی ناوچەی مەحاڵ سازمان درا و دواتر لەسەر بڕیاری حیزب گەڕایەوە نێوخۆی کوردستان.
کاک حەسەن لە شەڕەکانی حوسێن ئاباد و سونجاق و هێرشی پاسداران بۆ سەر گردەڕەش، خەتایی و سەوزی بەشدار بووە.
ناوبراو ئەرکی نیشتمانی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەجێ هێناوە و تا دوایین چرکەکانی ژیانی وەفاداری خاک و نەتەوەی خۆی بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.